8 کیلۆمەتری دیکە بۆ ڕێگەی هەولێر- کۆیە زیاد کرا
پارێزگاری هەولێر دوایین زانیاری لەسەر تەواوبوونی پڕۆژەی ڕێگای جووتسایدی هەولێر-کۆیەی ئاشکرا کرد.
بە ڕەزامەندی مەسرور بارزانی 8 کیلۆمەتری دیکە بۆ پڕۆژەی جووتسایدی هەولێر-کۆیە زیاد دەکرێت، تاوەکو ئێستا 25%ی کارەکان تەواو بووە.
ئەمڕۆ سێشەممە پارێزگای هەولێر بڵاویکردەوە، کارەکانی پڕۆژەی ڕێگای جووتسایدی هەولێر-کۆیە بەردەوامییان هەیە و تاوەکو ئێستا 25%ی پڕۆژەکە تەواو کراوە.
پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوە دا، دوای ڕەزامەندی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 8 کیلۆمەتری نوێی بۆ زیاد کراوە، بەمەش ڕێگاکە دەگاتە نێو شاری کۆیە و بە شەقامی 60 مەتریی شارەکەوە دەبەسترێتەوە.
پارێزگای هەولێر ڕوونیکردەوە، بۆ جێبەجێکردنی ئەم 8 کیلۆمەترە زیادەیە، بڕی 117 ملیار دیناری دیکە تەرخان کراوە، بەمەش کۆی گشتیی بودجەی پڕۆژەی جووتسایدی هەولێر-کۆیە گەیشتووەتە 677 ملیار دینار.
ئەمە لە کاتێکدایە، سەرەتا پڕۆژەی دووسایدی هەولێر- کۆیە درێژییەکەی 34 کیلۆمەتر بووە، چاوەڕوان دەکرێت ئەم ساڵ ئەم پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییە کۆتایی بە کارەکانی بهێندرێت، بخرێتە خزمەتی هاووڵاتییان.