عەلائەدین بروجەردی: تاهەتایە كۆنتڕۆڵی گەرووی هورمز دەکەین
ئێران جەخت لە هەبوونی مووشەک و درۆنی پێویست بۆ چەندین ساڵی دیکەی جەنگ دەکاتەوە.
ئێران هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی نوێ دەکات و ئەمریکاش بژاردەی سەربازی لەسەر مێزە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاژانسی تەسنیم لە زاری عەلائەدین بروجەردی، ئەندامی لێژنەی ئاسایشی نەتەوەیی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، مووشەک و درۆنی عەمبارکراو و یەدەگی ئێران بەشی چەندین ساڵی دیکەی جەنگ دەکەن. هۆشداری تووندیشی بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادا کە "وازی لێ ناهێنن."
عەلائەدین بروجەردی بەرگری لە پڕۆسەی دانوستانەکان کرد و گووتی: "ئێران لەسەر فەرمانی ڕێبەری موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای وڵاتەکە هاتووەتە نێو پڕۆسەی دانوستانەکان، مێزی دانوستان شوێنی 'سازشکردن و ڕیسواکردن!' نییە."
هاوکات هەر ئەمڕۆ سوپای پاسداران هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی نوێی لە ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند، ئەوان خاوەنی سیستەمی دەستنیشانکردنی ئامانجەکانن و لە ئەگەری هەر هێرشێکدا بەکاری دەهێنن، توانای ئەوەیان هەیە گەورەترین کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمریکا بسووتێنن.
هەر لەسەر دانوستانەکان، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، ترەمپ پێشنیازێکی تاران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ ڕەت دەکاتەوە. لە ئێستادا بژاردەی سەربازی بۆ لێدانی سەرکردە ئێرانییەکان لەسەر مێزەکەیە.