ئەمریکا: هیوای سەرکەوتن بۆ عەلی زەیدی دەخواین
ئەمریکا پشتیوانی بۆ عەلی زەیدی و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق دەردەبڕێت.
دوای کاندیدکردنی عەلی زەیدی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق و پێکهێنانی حکومەت، ئهمریكا ههڵوێستی خۆی دەربڕی و پشتیوانی لێ دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە هەژماری فەرمی خۆیان لە ئێکس ڕایانگەیاند، ئەمریکا هیوای سەرکەوتن بۆ عەلی زەیدی، وەک کاندیدکراوی پۆستی سەرۆکوەزیران عێراق بۆ پێکهێنانی حکومەتێک دەخوازێت، کە بتوانێت ئاواتی هەموو عێراقییەکان بۆ داهاتوویەکی گەشتر و ئاشتییانە بهێنێتە دی.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەی ئەمریکادا هاتووە، "ئێمە یەکگرتوویی خۆمان لەگەڵ خەڵکی عێراق بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان دەردەبڕین، وەک پاراستنی سەروەری عێراق، بەرەوپێشبردنی ئاسایش لە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر، وە بنیادنانی داهاتووەیەکی سەرکەوتووانە کە بتوانێت بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق تێیدا مسۆگەر بێت."
ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو 27-4-2026 چوارچێوەی هەماهەنگی كاندیدكردنی عەلی زەیدی، بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراقی راگەیاند؛ عەلی زەیدی، یەکێکە لە کەسایەتییە دەوڵەمەندەکانی عێراق و خاوەن چەندین پڕۆژەی ئابوورییە لە بوارە جیاجیاکاندا، لەوانە بانکی و هەروەها پرۆگرامی سەبەتەی خۆراکی حکومەتی عێراق، کە پرۆگرامێکە حزمەتگوزرای بە ملیۆنان هاووڵاتی عێراق پێشکەش دەکات.
ئەم هەڵوێستە نوێیەی ئەمریکاش لە کاتێکدایە، پێشووتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە ئاشكرا دژی کاندیدکردنی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران وەستایەوە و بە بژاردەیەکی "خراپ" وەسفی کرد، جەختیشی کردەوە ئەگەر بۆ پۆستەکە هەڵبژێردێت، ئەمریکا یارمەتییەکانی بۆ عێراق ڕادەگرێت.