مەسرور بارزانی: هیوادارم چیتر پێکهێنانی کابینەی دەیەم دوا نەکەوێت
مەسرور بارزانی، لەگەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هیواخوازە، پێکهێنانی کابینەی دەیەم چیتر دوا نەکەوێت و لە زووترین کات پێک بهێندرێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، لەگەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بڵاویکردەوە، سەرۆکی حکومەت هیوای خواست، کابینەی نوێ فیدراڵ ببێتە مایەی هاتنەئارای سەردەمێکی نوێ لە ئاشتی و سەقامگیریی لە عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکان و قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد: "ئێمە هەر لە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، خوازیاربووین لە زووترین کاتدا، کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێک بهێنرێت و هیوادارین چیتر ئەم بابەتە دوا نەکەوێت".
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی وەبەرهێنەرانی و کەرتی تایبەتیشی کرد، کە ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان لە پشتیوانیکردنی حکومەت و پەرەپێدانی ئابووری و بزاڤی بازرگانی لە کوردستان هەبووە.