حیزبوڵڵای لوبنان: دەست بە تاکتیکی تەقینەوەی خۆکوژی لە دژی ئیسرائیل دەکەین
ئەو تاکتیکەی هەموو جیهان لێی دەترسا، لەلایەن حیزبوڵڵای لوبنانەوە لە دژی ئیسرائیل بەکار دەهێندرێتەوە.
حیزبوڵڵای لوبنان هەڕەشەی نوێ لە سوپای ئیسرائیل دەکات و نەتەنیاهوش جەخت لە داماڵینی ئەم گرووپە لە چەک دەکات.
بەرپرسێکی باڵای حیزبوڵڵای لوبنان بە کەناڵی ئەل جەزیرەی ڕاگەیاند، گرووپەکە تاکتیکی "تەقینەوەی خۆکوژی"ـی ساڵانی 1980ـکان بەکاردەهێنێتەوە، تا ڕێگری لە بەرەوپێشچوونەکانی سوپای ئیسرائیل لە ناوچەکانی باشووری لوبنان بکات.
بەگوێرەی زانیاری ئەم بەرپرسە، گرووپە چەکدارەکانی حیزبوڵڵا وەک "پلانێکی پێشوەختە" ژمارەیەکی زۆری گرووپی "خۆکوژیی بۆمبهەڵگریان" لە ناوچەکە بڵاوە پێکردووە.
ئەم هەڵوێستە نوێیەی حیزبوڵڵا لە کاتێکدایە، ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو 26-4-2026 سوپای ئیسرائیل فەرماندەی سوپای ئیسرائیل داوای لە دانیشتووانی حەوت شارۆچکە و گوندی باکووری 'ڕووباری لیتانی' له لوبنان کرد بەزووترین کات ناوچەکانیان چۆڵ بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، هەر ئەمڕۆ بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی جەنگ لەگەڵ حیزبوڵڵا جەختی کردەوە، ئەوان بەردەوامن لە دروستکردنی گوشار لەسەر حیزبوڵڵا و تەنانەت لە ناوچەکانی باکووری رووباری لیتانیش، حیزبوڵڵا تەنیا 10٪ی توانای مووشەکیی ماوە و هەوڵی گەورە دەدەن بۆ داماڵینی تەواوەتیی چەکەکانی ئەو گرووپە.