ڕۆیتەرز: ترەمپ پێشنیازەکەی ئێرانی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ ڕەتکردەوە
تا دێت هەڵومەرجەکان بۆ دانوستان لە نێوان ئێران و ئەمریکا کەمتر دەبنەوە.
دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا بەدواداچوونی بۆ پێشنیازە نوێیەکەی ئێران بۆ دانوستان کرد، لەبەر پرسی ئەتۆمی پێشنیازەکەی بە دڵ نییە.
ئەمڕۆ سێشەممە، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە پێشنیازەکەی دوێنێی ئێران لە بارەی دانوستان و کۆتاییهێنان بە جەنگ بە شێوەیەکەی هەمیشەیی، دڵخۆش نییە.
ئەم بەرپرسەی ئەمریکا هۆکاری ڕەتکردنەوەی پێشنیازەکەی ئێرانی لەلایەن ترەمپەوە بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە باسی پڕۆگرامی ئەتۆمی تێدا نەبووە.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە 27-4-2026، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بە دانوستانەکان ئاشکرای کرد، ئێران لە ڕێگەی پاکستانەوە پێشنیازێکی نوێی بە ئەمریکا داوە و بە کردنەوەی گەرووی هورمز ڕازی بووە، بەڵام دانوستان لەسەر بابەتی پڕۆگرامی ئەتۆمی ناکات تا ئەو کاتەی جەنگ بە تەواویی کۆتایی دێت و گەمارۆکان لەسەر گەرووی هورمز هەڵدەگیرێن.
پاکستان لەلای خۆیەوە ڕایگەیاندووە، لە هەوڵەکانیان بەردەوامن تا ئاشتی لەنێوان ئێران و ئەمریکا بەرقەرار بکەن، بەڵام دوای ئەوەی ترەمپ سەردانێکی شاندی دانوستانکاری ئەمریکای بۆ پاکستان هەڵوەشاندەوە، ئەگەرەکان بۆ دانوستان کەمتر بوونەتەوە.