پایتەخت

ئەکسیۆس: ئێران بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکی نێوان سەرکردەکانی خۆی پێشنیازێکی نوێی بە ئەمریکا دا

ئەکسیۆس: ئێران بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکی نێوان سەرکردەکانی خۆی پێشنیازێکی نوێی بە ئەمریکا دا
کورتە

سەرکردەکانی ئێران لە نێو خۆیان لەسەر دانوستان یەکگرتوو نین و بۆ یەکگرتنەوە، داوایەکیان پێشکەشی ئەمریکا کرد.

لە پێشنیازێکی نوێی ئێران، وڵاتەکە مەرجی سازشی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی ئەتۆمی بە ئەمریکا داوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بە دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا ئاشکرای کرد، ئێران لە ڕێگەی پاکستانەوە پێشنیازێکی نوێی بە ئەمریکا داوە و تێیدا سەرنجیان لەسەر چارەسەرکردنی گەرووی هورمز چڕ کردووەتەوە، داوای درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەستیان کردووە تا هەردوولا بتوانن لەسەر کۆتاییهێنانی جەنگ بەشێوەیەکی یەکجاریی ڕێکبکەون.

هەر بە گوێرەی ئەم پێشنیازە، ئێران داوای کردووە دانوستانەکان لەسەر پرسی ئەتۆمی لە قۆناغەکانی دواتر دەستپێبکەن، ئەویش دوای کرانەوەی گەرووی هورمز و هەڵگرتنی گەرمارۆکان. هاوکات ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە باسی لەوەكردووە، پێشنیازەكەی ئێران بە ئامانجی تێپەڕاندنی ناکۆکی نێوان سەكردەكانی وڵاتەکەیە لەسەر دۆسییە ئەتۆمییەكان.

دوو ڕۆژ لەمەوبەر، ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرسە نێوەندگیرییەکانی پاکستان ئاشکرای کرد، لە گەڕی یەکەمی دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا، مەحموود نەبەویان، ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری ئێران بە ئاشكرا رەخنەی تووندی لە محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و شاندی وڵاتەکەی لەسەر دانوستان گرتووە. هاوکات ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران ڕەتی کردووەتەوە لە کاتی دانوستان سازش بکات.

کۆشکی سپی پێشنیازەکەی پێگەیشتووە، بەڵام ڕوون نییە کە ئەمریکا نیازی بەدواداچوونی هەیە یان نا. ئۆلیڤیا وەیلس، گوتەبێژێکی کۆشکی سپی بە ئەکسیۆسی ڕایگەیاندووە، ئەم بابەتانە گفتوگۆی دیپلۆماسی هەستیارن و ئەمریکا بەشێوەیەکی ئاكشرا دانوستانیان لەسەر ناکات. ئەمریکا کارتی فشارەکانی لەدەستە و تەنیا لە یەک حاڵەت دانوستان دەکات، ئەویش ئەوکاتەی بەرژەوەندی خەڵکی ئەمریکا لەبەرچاو بگیرێت و هەرگیز ڕێگە بە ئێران نەدرێت چەکی ئەتۆمی هەبێت.

بە گوێرەی سەرچاوەكە، بڕیارە ئەمڕۆ ترەمپ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتەكەی سەبارەت بە ئێران ئەنجام بدات، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دانوستان لەگەڵ ئێران و هەنگاوەکانی داهاتووی جەنگ بکرێت.

ئەم پێشنیازە نوێیەی ئێران لە کاتێکدایە، دوایین هەوڵی دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو 25-4-2026 شکستی هێنا، ئەمەش دوای ئەوەی دیپلۆماتکاری باڵای ئێران پاکستانی جێهێشت و دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، فەرمانی بە  نێردراوەکانی خۆی داوە گەشت بۆ پاکستان نەکەن.

27 نیسان 2026 09:52
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026