پایتەخت

ترەمپ: ڕووداوەکە نابێتە ڕێگر لەبەردەم بەردەوامبوونی جەنگ لەگەڵ ئێران

ترەمپ: ڕووداوەکە نابێتە ڕێگر لەبەردەم بەردەوامبوونی جەنگ لەگەڵ ئێران
کورتە

مامۆستایەکی تەمەن 31 ساڵان هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆکی ئەمریکای دا؛ دۆناڵد ترەمپ بە 'گورگێکی تاقانەیە' وەسفی دەکات.

سەرۆکی ئەمریکا بۆ جارێکی دیکە لە هەوڵی "تیرۆرکردن" ڕزگاری بوو و هەر سبەی تۆمەتبارەکە دادگەیی دەکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دواى رووداوێکی تەقەکردن لە کۆشکی سپی رایگەیاند، "ئەم ڕووداوە نابێتە ڕێگر لەبەردەم بەردەوامبوونم و سەرکەوتنم لە جەنگ بەسەر ئێران، هەرچەندە پێموانییە ڕووداوەکە پەیوەندی بە ئێرانەوە هەبووبێت، هێرشکەرەکە 'گورگێکی تاقانەیە'، لێکۆڵەران هێشتا لە هەوڵی ئاشكراکردنی هۆکاری تەقەکردنەکە بەردەوامن."

لە درێژەی قسەکانیدا ترەمپ وەسفی تەقەکەرەکەی کرد و گووتی: "ئەو کاتەی هێرشەبەرەکە دەستگیرکرا و لەسەر زەوی پاڵکەوتبوو زۆر بەد و ناشرین دیار بوو، هێرشی کردە سەر خاڵی پشکنینی پاسەوانان و چەندین چەکی هەڵگرتبوو، بەڵام لەلایەن پاسەوانە بوێرەکان بەرپەچدرایەوە."

بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵی سی ئێن ئێن، تەقەکەرەکە ناوی 'کۆل تۆماس ئاڵن'ـە، تەمەنی 31 ساڵە و خاوەن بڕوانامەی ئەندازیاری میکانیکە، پیشەی مامۆستایە و پەرەپێدەری یارییە ڤیدیۆیەکانە لە باشووری ویلایەتی کالیفۆرنیا. ساڵی ڕابردووش بڕوانامەی ماستەری لە زانستی کۆمپیوتەر بەدەستهێنا. داواکاری گشتیی فیدراڵیی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، تەقەکەرەکەی هۆتێلی واشنتن هیڵتن سبەی رۆژی دووشەممە دەبرێتە بەردەم دادگە.




کۆل تۆماس ئاڵن لایەنگری پارتی دیموکراتەکانە و بەگوێرەی تۆمارە فەرمییەکانی هەڵبژاردنی ئەمریکا (FEC)، لە ساڵی 2024 لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن، 25 دۆلاری بە کەمپەینی کامالا هاریس بەخشی بوو.

ئەو جێگەی سەرنجە، هۆتێل "واشنتن هیڵتن" ئەو شوێنەی ڕووداوەکەی تێدا ڕوویدا، هەمان ئەو شوێنەیە کە 45 ساڵ لەمەوبەر و لە ساڵی 1981دا، رۆناڵد ریگن، سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا لە هەوڵێکی تیرۆرکردن لەبەردەم دەروازەکەیدا رزگاری بوو. ئاهەنگی ئەمشەو یەکەمجار بوو ترەمپ وەک سەرۆک بەشداری تێدا بکات دوای بایکۆتکردنی بۆ ماوەی چەندین ساڵ.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە ڕابردوودا دوو جار هەوڵی کوشتنی ترەمپ دراوە، جارێکیان لە کاتی کەمپەینی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا لەلایەن کوڕێکی تەمەن 20 ساڵانەوە بوو، جارێکی دیکەش لەلایەن پیاوێکی تەمەن 58 ساڵان بوو.

26 نیسان 2026 11:45
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026