دوای 20 ساڵ لە فەڵەستین هەڵبژاردن دەکرێت
پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی شارەوانی فەلەستین بەڕێوەدەچێت و لە کاتێکدا زۆربەی بەربژێرەکان سەر بە پارتێکی عەلمانین، بزووتنەوەی حەماس بایکۆتی هەڵبژاردنی کردووە.
هەنگاوێکی مێژوویی لە پڕۆسەی سیاسی و نیشتیمانی فەڵەستین دەنرێت و دوای دەیان ساڵ، بۆیەکەمجار خەڵک دەچنەوە سەر سندووقەکانی دەنگدان.
ئەمڕۆ شەممە 25-4-2026 فەلەستینییەکان لە کەرتی رۆژئاوا و کەرتی غەززە، بۆ یەکەمجار لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی غەززەوە دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و سەرۆک و ئەنجوومەنی شارەوانی هەڵدەبژێرن.
بەگوێرەی کۆمیسیۆنی ناوەندی هەڵبژاردنەکان، لە رامەڵڵای کەرتی رۆژئاوا نزیکەی 1.5 ملیۆن کەس بۆ دەنگدان ناویان تۆمار کراوە و 70 هەزاری دیکەش لە ناوچەی دێر ئەل بەلەح (لە کەرتی غەززە).
زۆربەی بەربژێرەکان یان سەر بە بزووتنەوەی فەتحن، کە پارتێکی ناسیۆنالیستی و عەلمانییە و مەحموود عەباس سەرۆکایەتیی دەکات، یان بەربژێری سەربەخۆن. (مەحموود عەباس، سەرۆکی فەلەستین 20 ساڵە لە دەسەڵاتدایە و چەندین جار بەڵێنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی داوە، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراون.)
هاوکات هیچ کام لە لیستەکان بانگەشەی هەبوونی پەیوەندیی بە حەماسەوە ناکەن، کە ڕکابەرە ئیسلامییەکەی فەتحە و نزیکەی نیوەی کەرتی غەززە کۆنترۆڵ دەکات. (ئەمەش دوای هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 و بووە هۆی هەڵگیرساندنی جەنگ)، بزووتنەوەی حەماس بایکۆتی هەڵبژاردنی کردووە و بە هیچ لیستێکی فەرمی بەشداریی نەکردووە.
لە شارە گەورەکانی دیکە، لەوانە نابلوس و ڕامەڵڵا، تەنها یەک لیستی کاندید هەیە. بنکەکانی دەنگدان لە کەناری ڕۆژئاوا لە کاتژمێر 7:00ـی بەیانی بۆ 7:00ـی ئێوارە دەکرێنەوە، بەڵام لە دێر بەلاح لە کاتژمێر 5:00ـی ئێوارەوە دادەخرێن بۆ ئەوەی دەنگەکان لە ڕۆژدا بژمێردرێن بەهۆی نەبوونی کارەبا.
غەززە، کە لە ساڵی 2007ـەوە لەلایەن حەماسەوە کۆنترۆڵ کراوە، ئەمە یەکەمجارە لە ساڵی 2006ـەوە هەڵبژاردن لە کەرتەکە بکرێت. بەگوێرەی جەمال فادی، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە قاهیرە دەڵێت، هەڵبژاردن لە دێربەلەح وەک "تاقیکردنەوەیەک"ـە بۆ دەسەڵاتی فەلەستینی، چونکە ئەو ناوچەیە تەنیا شوێن بووە لە غەززە کە زۆربەی دانیشتووانەکەی بەهۆی جەنگەوە ئاوارە نەبوون.