وۆڵ ستریت جۆرناڵ: سەرکردەکانی ئێران لەنێو خۆیان لەسەر دانوستان هاوڕا نین
هۆکارێکی سەرەکی شکستهێنانی دانوستانی ئێران لەگەڵ ئەمریکا ئاشکرا کرا.
پاکستان لەسەر لێکترازانی نێو سەرکردایەتیی تاران لەبارەی دانوستان نیگەرانە و هەر ئەمەش بووەتە هۆی چەقبەستوویی پڕۆسەکە.
ئەمڕۆ شەممە، ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرسە نێوەندگیرییەکانی پاکستان ئاشکرای کرد، لە گەڕی یەکەمی دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا، سەرکردەکانی ئێران "ئاڵۆز" دەبوون کاتێک ئەمریکا لەسەر بابەتی دیاریکراو فشاریان لێ دەکردن، لە کاتێکدا بەر لە دانوستان ئامادەیی خۆیان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەم بابەتانە دەربڕی بوو.
بە گوێرەی ئەم سەرچاوەیە، مەحموود نەبەویان، ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری ئێران بە ئاشكرا رەخنەی تووندی لە محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی شاندی وڵاتەکەی لەسەر دانوستان گرتووە. هاوکات ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران ڕەتی کردووەتەوە لە کاتی دانوستان سازش بکات.
ئەمە لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ عاسم مونیر، فەرماندەی گشتی سوپای پاكستان لەسەر ئەنجامدانی دانوستان و گفتوگۆی دیپلۆماسی لە ئیسلام ئاباد كۆبوویەوە. بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، تاران بە هەموو شێوەیەک دانیشتنی راستەوخۆ لەگەڵ نوێنەرانی ئەمریکا رەت دەکاتەوە لەم قۆناغەدا، پەیام و داواکارییەکانی ئێران لە رێگەی بەرپرسانی باڵای پاکستانییەوە دەگەیەندرێنە واشنتن.
وابڕیاریشە هەر ئەمڕۆ شاندی ئەمریکا بۆ دانوستان لەگەڵ شاندی ئێران بگاتە ئیسلامئابادی پاکستان.