بەکرێدانی کورسی قەدەغە کرا
شارەوانی سلێمانی بڕیارێکی گرینگی لە پێناو قوتابییان دەرکرد
پاش بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەک سەبارەت بە ڕێگرتن لە بردنی کورسی بۆ سەکۆی ئاهەنگەکان لە پارکی هەواری شار و بەکرێدانی کورسی بە نرخێکی گران بە قوتابییان، شارەوانی سلێمانی بڕیارێکی دەرکرد.
کەمێک پێش ئێستا، سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی بڵاویکردەوە، ئەو کارە بەبێ ئاگاداریی بەڕێوەبەرایەتیی پارکی هەواری شار و سەرۆکایەتیی شارەوانی کراوە، پاش ئاگادارکردنەوەیان لەو دۆخە بەدواداچوونییان کردووە، بڕیاریان داوە سەرپێچیکاران ڕێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر.
سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی دووپاتی کردەوە، ڕێگریکردن لە بردنە ژوورەوەی کورسی و بەکرێدانی کورسی بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە و ڕێگەپێدراو نییە.
سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی ئاگاداریی قوتباییان دەکاتەوە، دەرگای پارکی هەواری شار و هەموو ئەو پارکانەی دیکە کە گونجاون بۆ سازدانی ئاهەنگی دەرچوون هەمیشە بەبێ بەرامبەر بەڕووتاندا کراوە دەبێت.
تەنیا داوکاریی شارەوانی سلێمانی لە قوتابییان ئەوەیە، خاوێنی پارکەکان ڕابگرن و سەوزایی و درەختەکانی بپارێزن، لە هەبوونی هەر سەرپێچییەک بەرامبەرتان ئاگادارییان بکەنەوە.