یەکێتی ئەوروپا سزا بەسەر ئیسرائیل دا دەسەپێنێت
ئیسرائیل لەسەر جەنگی غەززە و لوبنان، ڕووبەڕووی سزا دەکرێتەوە.
یەکێتی ئەوروپا لە نوێترین هەنگاویدا هەڵوێستی تووند بەرامبەر ئیسرائیل دا دەنوێنێت و بۆ سەپاندنی سزا، چاوەڕوانی گۆڕانی سەرۆکوەزیرانی هەنگاریایە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ژان نۆیل بارۆت، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە فرانس ئینفۆی ڕایگەیاند: "من لەمێژە بانگەشەی سەپاندنی سزا بەسەر ئەو کەس و لایەنانەی بەرپرسیارن لە توندوتیژی بەرامبەر بە خەڵکی فەڵەستین دەکەم، بە کەرتی ڕۆژئاوشەوە، پێموایە لە چەند ڕۆژی داهاتوو دەتوانین ئەم سزایانە بسەپێنین."
لەبارەی ئەوەی بۆچی یەکێتی ئەوروپا تا ئێستا نەیتوانیوە سزا بسەپێنێت، ژان نۆیل بارۆت ئاماژەی بە "ڤیتۆی" ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی دێرینی هەنگاریا دا و ڕایگەیاند، دوای هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی نوێی هەنگاریا، ڤیتۆکە هەڵدەگیرێت و سزاکان دەسەپێندرێن. (ئەمەش دوای ئەوەی لە 13-4-2026 پیتەر مایار، سەرۆکی پارتی "تیزا" لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەنگاریا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و کۆتایی بە 16 ساڵ دەسەڵاتی ڤیکتۆر ئۆربان هێنا.
لە کۆتایی پەیامەکەییدا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا جەخت دەکاتەوە، ئەگەر ئیسرائیل یاسا و ڕێکارەکانی نەگۆڕێت، یەکێتی ئەوروپا ناتوانێت وا نیشان بدات کە هیچ شتێک ڕووی نەداوە.
ئەم هەڵوێستەی نوێیەی یەکێتی ئەوروپا لە کاتێکدایە، لە سەرەتای جەنگی غەززەوە لە ئۆکتۆبەری 2023 درز و کەلێن کەوتووەتە نێوان پەیوەندییەکانی وڵاتە ئەورپییەکان و ئیسرائیل، تا لەم دوایانەدا لەگەڵ جەنگی ئێران و هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بەتایبەتی، گرژییەکان گەیشتنە لوتکە. هەر یەک لە وڵاتانی فەرەنسا، ئیسپانیا، دانیمارک، نەرویج، هۆڵەندا و چەندانی دیکە بە ئاشكرا سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیل دەکەن.