پایتەخت

دۆسیەی لاهور تاڵەبانی دەگوازرێتەوە

 دۆسیەی لاهور تاڵەبانی دەگوازرێتەوە
لاهور تاڵەبانی و پۆڵاد تاڵەبانی
کورتە

دوای 91 کاتژمێر لە مانگرتن، جوڵە بە دۆسیەی لاهور تاڵەبانی و براکەی دەکرێت؛ دۆسیەکەیان دەنێردرێتە دادگای سلێمانی و دواتر بۆ دادگای پێداچوونەوە (تەمیز)ـی هەولێر دەنێردرێت

دوای زیاتر لە هەشت مانگ لە زیندانیکردن، مانگترن لە خواردن و خوردنەوە، چەندین هەڵوێستی تووند و دوای دوو جار لە لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەیان، بریار وایە لە ماوەی 72 کاتژمێری داهاتوو دا دۆسیەی لاهور تاڵەبانی و پۆڵاد تاڵەبانی ڕەوانەی دادگای سلێمانی بکرێت و دواتر بۆ دادگەی تەمیز لە هەولێر بنێردرێت.

کەمێک پێش ئێستا سەرچاوەیەک لە بنەماڵەی شێخ جەنگی تاڵەبانی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، دوای دووبارەکردنەوەی لێکۆڵینەوە لە کەیسی لاهور تاڵەبانی و پۆڵاد تاڵەبانی، لە ئاسایشی سلێمانی بەڵێنیان پێدراوە کە لە ماوەی 72 کاتژمێری داهاتوو دا، دۆسیەی لاهور تاڵەبانی و پۆڵاد تاڵەبانی ڕەوانەی دادگای سلێمانی بکرێت و ئەوانیش لەسەر داوای دادگای تەمیزی هەولێر، کەیسەکە ڕەوانەی هەولێر دەکەن.

ئەو سەرچاوەیە بە پایتەختی گوت: "لە ئاسایشی سلێمانی بەڵێنمان پێدراوە، بەڵام دڵنیانین کە دۆسیەکە کەی دەنێردرێت، چونکە لە ڕابردوودا بەڵێنی وا دراوە و دواتر کێشە بۆ کەیسەکە دروست کراوە."

ئەم هەواڵە لە کاتێدایە، لاهور تاڵەبانی و پۆڵاد تاڵەبانی، ماوەی 91 کاتژمێر مانیان لە تەواوی خواردن و خوردنەوەیەک گرت، ئەمەش وەکو هەڵوێستێک لە دژی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی، کە ئەوان دەستوەردارنیان لە کاروباری دادگا کردووە و رێگرن لە ناردنی دۆسیەکەیان بۆ هەولێر، ئەمەش بە ڕوونی لە ڕاگەیاندراوەکەی لاهور تاڵەبانی ئاماژەی پێکرا بوو.

جیا لە لاهور تاڵەبانی، ئاوات تاڵەبانی بۆ میدیاکان قسەی کرد، باسی ئامۆزاکانی کرد و گوتی: "ئامۆزاکانمان دەستوەردان لە کاروباری دادگا دەکەن، بە تایبەت قوباد تاڵەبانی رێگری دەکات لە کارەکانی دادگا."

بەپێی زانیارییەکانی پایتەخت میدیا، هۆکاری مانگرتنی لاهور تاڵەبانی و پۆڵاد تاڵەبانی، بەهۆی ئەوە بووە کە دادگەی تەمیزی هەولێر داوای دۆسیەکەی کردووە، بەڵام دادگەی سلێمانی کەیسەکەی بۆ ئاسایشی سلێمانی گەڕاندووەتەوە و ئەوان دووبارە، لێکۆڵینەوەیان بۆ دۆسیەکەی برازاکانی جەلال تاڵەبانی کردووە، هەر ئەمەش گومانی لای لاهور تاڵەبانی و براکەی و خێزانەکەیان و بەرەی گەل دروست کردووە، کە دەستوەردان لە دۆسیەکەیان دەکرێت و بە بڕیاری کوڕانی جەلال تاڵەبانی، مەلەفی دیکە بۆ دۆسیەکەیان زیاد دەکرێت.

دوای ئەم هەڵوێستەی لاهور تاڵەبانی و براکەی، تەواوی گیراوان و ئەندامانی دیکەی بەرەی گەل، هەڵوێستی تووندیان لە دژی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی و یەکێتی نواند و بەشێکیان، بە هەمان شێوەی لاهور تاڵەبانی و براکەی، مانیان لە خواردن کرد.

23 نیسان 2026 12:10
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026