هاتوچۆی ڕاپەڕین: دەست بەسەر ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و بڕاوە دا دەگرین
ئەم هەواڵە بۆ دەڤەری بیتوێن و پشدەرە
دەڤەری بیتوێن و پشدەر پڕ بووە لە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و بڕاوە، هاتووچۆی ڕاپەڕین بڕیاریداوە ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلا دەست بەسەردا بگرێت، بەتووندرین شێوە مامەڵەی یاساییان بەرامبەر دەگیرێتە بەر.
ئەمڕۆ چوارشەممە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی ڕاپەڕین ئاگاداری هاووڵاتییانی دەڤەری بیتوێن دەکاتەوە، لە پێناو پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و پاراستنی سەلامەتیی گیانی و ماڵی هاووڵاتییان، هەڵوێستی تووند بەرامبەرئەو ئۆتۆمبێل وماتۆڕ سکیلانە سەرپێچی یاساکانی هاتووچۆ دەکەن.
هاتووچۆی ڕاپەڕین ئاماژەی بەوە دا، دیاردەی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و بڕاوە نەک تەنها سەرپێچییە، بەڵکو هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی، هیچ جۆرە چاوپۆشی و سازشێک لەسەر دەستبەسەرداگرتنی ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە ناکرێت.
هاتووچۆی ڕاپەڕین مەفرەزەکانیان ڕاسپاردووە، بە توندترین شێوەی یاسایی مامەڵە لەگەڵ ئەم سەرپێچییانەدا بکەن، ئەوان ڕێگە نادەن هیچ کەسێک لە ژێر پەردەی سەرکێشیدا ژیانی خەڵک بخاتە مەترسییەوە، سەلامەتیی گشتی هێڵی سوورە و هەر کەسێک بیبەزێنێت، ڕووبەڕووی سزایەکی قورس و بێ گەڕانەوە دەبێتەوە.
ماوەی چەند ساڵێکە، ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و براوە دەڤەری بیتوێن و پشدەریان تەنیوە، زۆربوونی ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە ڕووداوەکانی هاتووچۆی زیاد کردووە و لەگەڵیدا سەرپێچی لە ڕێنماییەکان دەکرێت.