پایتەخت

ئێران بۆ وڵاتانی دراوسێ: ئەگەر ئەم کارە بکەن کێڵگە نەوتییەکانتان بۆردوومان دەکەین

ئێران بۆ وڵاتانی دراوسێ: ئەگەر ئەم کارە بکەن کێڵگە نەوتییەکانتان بۆردوومان دەکەین
کورتە

ئێران لیستی ئامانجەکانی بۆ هێرشکردن فراوانتر دەکات و هۆشداری تووند بە وڵاتانی دراوسێ دەدات.

ئێران هەڕەشەی لەناوبردنی سەرچاوە ئابوورییەکانی وڵاتانی کەنداو دەکات و جەخت دەکاتەوە کە دەبێت "ماڵئاوایی لە بەرهەمهێنانی نەوت" بکەن.

ئاژانسی فارس نیوز لە زاری  ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران ڕایگەیاند، ئێران هۆشداری بە وڵاتانی کەنداو دەدات کە ئەگەر ڕێگە بدەن ئەمریکا خاک و بنکەکانیان بۆ هێرشکردن بەکاربهێنن، ئەوا دەبێت "ماڵئاوایی لە بەرهەمهێنانی نەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن."

لە درێژەی هەڕەشەکەی فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران دا هاتووە، "لیستی ئامانجەکانی" ئێران فراوانتر بووە و لە شوێنە سەربازییەکان ڕەتییان داوە، ئێستا کێڵگە و پاڵاوگە نەوتییەکان دەگرنەوە، بەتایبەتیش وڵاتانی وەک، سعودییە، ئیمارات، کوێت، قەتەڕ و بەحرەین.

هەر بە گوێرەی سەرچاوەی ئەم ئاژانسە ئیرانییە، ئەم هۆشدارییەی ئێران دوای ئەوە دێت، کە پێشووتر بەر لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست چەند وڵاتێکی کەنداو ڕێگەیان دابوو بنکەکانیان لەلایەن "دوژمنەوە" بەکاربهێندرێت.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە، ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیری پاکستان هەوڵی دانوستان دەدەن و دوێنێ شەو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وادەی ئاگربەستی درێژکردەوە تا ئەو کاتەی پێشنیازێکی لەلایەن ئێرانەوە پێ دەگات و گفتوگۆکان بەتەواوی کۆتاییان پێبدێت. ئێرانیش تا ئێستا بە بیانووی "شکاندنی بەڵێنەکان و زیادەڕۆیی داواکرییەکان" لەلایەن ئەمریکاوە دانوستانی ڕەت کردووەتەوە و ئەمڕۆ پێچەوانەی پێشبینییەکان، شاندەکەی نەچووە پاکستان.

22 نیسان 2026 11:32
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026