وەزارەتی دارایی هەرێم: لیستی مووچەی مانگی نیسان ڕادەست دەکرێت
پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوو دا داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی بەغدا بکرێت
سبەی لیستی مووچەی مانگی نیسان ڕادەست دەکرێت، پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوو دا داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی بەغدا بکرێت.
کەمێک لەومەبەر وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە لیستی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئازار، لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی بەغدا دەکرێت.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە دا، سبەی چوار شەممە لیست و ڕاپۆرتەکە ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ دەکرێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی 3، بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتی نانەوتی 120 ملیار دینارەکەی نەنارد، بەڵکو زیاتر لە 43 ملیار دیناری ڕەوانەی بەغدا کرد.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پایتەخت میدیا، پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوو حکومەتی هەرێم ئەو داهاتەی لە بەردەستی دایە، بۆ دەستەبەرکردنی مووچە ڕەوانەی بەغدای بکات.