حسام غائب بەرزەنجی: دۆخی تەندوستی لاهور شێخ جەنگی لە مەترسی دایە
هەندێک زانیاریی لەسەر تەندروستی لاهور شێخ جەنگی ئاشکرا دەکرێت
ماوەی سێ ڕۆژە لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی لە زیندان مانیان لە خواردن و خواردنەوە گرتووە، یەکێک لە پارێزەرانی سەرۆکی بەرەی گەل زانیاری لەسەر دۆخی تەندروستیان دەخاتەڕوو.
ئەمڕۆ سێشەممە حسام غائب بەرزەنجی، یەکێک لە پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، تەندروستی لە مەترسییەکی گەورەدایە و هەر تێکچوونێکی باری تەندروستی لێکەوتەی بەرگە نەگیراوی دەبێت.
لە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممەوە، لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی مانیان لە خواردن گرتووە.
حسام غائب بەرزەنجی ئاماژەی بەوە دا، ڕێگە نەدراوە بنەماڵەی لاهور شێخ جەنگ پەیوەندی بە هەردووکیانەوە بکەن و لە دۆخی تەندروستیان بپرسن.
بەپێی بڵاوکراوەی لاهور شێخ جەنگی لە پەرەی فەرمی فەیسبووک، هۆکاری مانگرتنەکەیان نەبردنی کەیسەکەیانە بۆ بەردەم دادگە، ئاماژەی بەوەش داوە، بەردەوام دەبن تاوەکو کەیسەکەیان بەرەو ڕێڕوەی یاسایی دەچێت.
لای خۆیەوە ئاوات شێخ جەنگی، خوشکی لاهور شێخ جەنگی کاردانەوەی تووندی بەرامبەر هەڵوێستەکە هەبوو گووتی: "منیش مان دەگرم ودەچمە بەردەم دادگە".
بەرەبەیانی ڕۆژی 22ـی ئابی 2025، دوای شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی دوپشک( سەر بە لاهور شێخ جەنگی) و هێزەکانی کۆماندۆ و دژە تیرۆر( سەر بە یەکێتی)، سەرۆکی بەرەی گەل و براکەی دەستگیرکران.