دلشاد شەهاب: پێویستە هه‌موو کەیسێك بە ڕێڕەوی یاسایيی خۆی بڕوات
لێدوانێک لە گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە
ماوەی سێ ڕۆژە لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی مانیان لە خواردن گرتووە، گوته‌بێژى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان لەسەر کەیسی ئەوان ڕوونکردنەوە دەدات.
کەمێک لەمەوبەر دلشاد شهاب، گوته‌بێژى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان ڕایگەیاند، ماوەیەکە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە دەربارەی ڕووداوەکانی مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو کە لە لاله‌زارى شاری سلێمانی ڕوویان دا، هەندێک بابەت سەبارەت بە هەڵوێستی سەرۆکی هەرێم لە پرۆسەی دادگایی‌کردن و یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ئەو تۆمه‌تبار و گیراوانەی لە دەرەنجامی ڕووداوەکان دەستگیر کراون، ورووژێندراون.
دلشاد شەهاب باسی لەوە کرد: "لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری پرسوڕا و بەدواداچوونی پێویستمان کردووە، به‌پێی یاسا بڕیاردان لە داوای گواستنەوەی کەیسێک لە دادگەیەکەوە بۆ دادگەیەکی تر، پرسێکی تەواو دادوه‌رييه و لە تایبەتمەندییەکانی دەسەڵاتی دادوەرییە و دادگە پەیوەندیدارەکان یەکلای دەکەنەوە".
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی سەرۆکی هەرێم ئاشکرا دەکات، دوور لە هەموو دەستتێوەردان و فشارێک، پێویستە هه‌موو کەیسێك بە ڕێڕەوی یاسایيی خۆی و لەسەر بنەما دروستەکانی دادگایی‌کردن بەڕێوە بچێت و پێویستە دەرفەتی بەرگریکردن و پاراستنی مافی تۆمه‌تباران و گیراوان بەپێی یاسا پارێزراو بێت.
دڵشاد شەهاب باسی لەوە کرد، سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان وه‌ک هه‌میشه پارێزه‌ری یاسا و دامه‌زراوه‌کان دەبێت و پابەندە بە ڕێزگرتن، لە بنەمای جیاکردنەوەى دەسەڵاتەکان و سه‌ربه‌خۆییی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری.