پایتەخت

ئەمریکا ناردنی بەشێک لە داهاتی نەوتی عێراقی راگرت

ئەمریکا ناردنی بەشێک لە داهاتی نەوتی عێراقی راگرت
کورتە

وەک هەڵوێستێک لە بەرامبەر چالاکییەکانی گرووپە چەکدارەکانی عێراق، ئەمریکا ناردنی داهاتی نەوتی وڵاتەکە ڕادەگرێت.

ئەمریکا بەردەوامە لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی تووند لە دژی عێراق و داوای هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری چەند سەرچاوەیەکی عێراقی و ئەمریکی ڕایگەیاند، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بڕیاریدا بە راگرتنی ناردنی 500 ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوتی عێراق لە نیو هەژماری بانکی یەدەگی فیدڕاڵی نیویۆرک، ئەمەش لە ئەنجامی نیگەرانییەکانی بەشێک لە سەرکردە باڵاکانی ئەمریکا لەبەرامبەر هێرشە بەردەوامەکانی گرووپە چەکدارەکانی ئەم وڵاتە.

هاوکات واشنتن ئاگاداری عێراقی کردووەتەوە، لەوەی چیتر لە پڕۆگرامە ئەمنی و دژەتیرۆرستییەکان هاوکارییان نابن، تا ئەو کاتەی هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکان لە وڵاتە دەوەستن و حکومەتی عێراق دەست دەکاتە بە هەڵوەشاندەوەیان.

ئەم هەڵوستە نوێیەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، دوو ڕۆژ لەمەوبەر، کەناڵی ئەلحەدەسی سعودی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە ئەمریکا ئاشکرای کرد، ئەمریکا بڕیاری داوە ناردنی دۆلار بۆ عێراق رابگرێت، هاوکات سەرجەم هاوکاریی و هەماهەنگییە سەربازییەکانی لەگەڵ عێراق ڕادەگرێت، تا ئەو کاتەی ئەنجامدەرانی هێرشەکانی سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق ئاشکرا دەکرێن.

هاوکات هەر هەمان ڕۆژ باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەغدا، ئاگادارییەکی نوێی بڵاوکردەوە و تێیدا هۆشداریی دا لە بەردەوامیی هەڕەشەی میلیشیا چەکدارەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی واشنتن لە عێراق و هەرێمی کوردستان و داوا لە هەڵگرانی ڕەگەزنامەی ئەمریکی دەکات، دەستبەجێ عێراق جێبهێڵن و بەهیچ شێوەیەک لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و کونسووڵخانەی گشتی وڵاتەکە لە هەولێر نزیک نەبنەوە.

22 نیسان 2026 09:57
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026