ئێران خۆی بۆ جەنگ لەگەڵ ئامریکا ئامادە دەکاتەوە
سەرەڕای هەوڵەکانی پاکستان بۆ نێوەندگیریکردنی دانوستان لە نێوان ئێران و ئەمریکا، بەڵام وادەی ئاگربەست کۆتایی و هاتوو درێژیش کرایەوە، کەچی تا ئێستا شاندەکان نەچوونەتە پاکستان.
ئێران درێژکردنەوەی ئاگربەست لەلایەن ئەمریکا بە تاکتێکی کڕینەوە کات دەزانێت و تا ئێستاش بە ئاگربەست ڕازی نەبووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، مەهدی محەممەدی، ڕاوێژکاری محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، درێژکردنەوەی ئاگربەست لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تاکتیکێکی کڕینەوەی کاتە مەبەسەتی هێرشێکی لەناکاو.
لە درێژەی بڵاوکراوەکەی مەهدی محەممەدی دا هاتووە، بەردەوامبوونی گەمارۆی بەندەرەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە "هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ بۆردوومان نییە و دەبێت وەڵامێکی سەربازی بدرێتەوە."
دوێنێ شەو، ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیاڵ درێژکردنەوەی ئاگربەستی ڕاگەیاند و گووتی:" فەرمانم دا بە سوپاکەمان کە بەردەوام بێ لە گەمارۆکەی (گەمارۆی سەر بەندەرکانی ئێران) و لە هەموو لایەنەکانی دیکەشەوە بە ئامادەیی و توانای تەواوەوە بمێننەوە." گوتیشی، "ئاگربەستەکە درێژ دەکەینەوە تاوەکو ئەو کاتەی پێشنیازەکەیان پێشکێش دەکەن و گفتوگۆکان کۆتاییان دێت."
دوای درێژکردنەوەی ئاگربەستیش، میدیای ئێران لە زاری سەرچاوە پەیوەندیدارەکانی حکومەت رایانگەیاند، ئێران بڕیاری داوە بۆ دانوستان نەچێتە ئیسلامئاباد. هۆکاری سەرەکی ئەم بڕیارەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تاران پێیوایە واشنتن ئەو چوارچێوە 10 خاڵییەی پێشێل کردووە کە گوایە پێشتر لەسەری رێککەوتبوون، ئەمریکا پاشگەزبووەتەوە لە بەڵێنەکانی و زێدەرۆییە لە داواکارییەکانی کردووە.