پایتەخت

ئەو تۆمەتبارەی هێرشی کردە سەر مزگەوتەکانی هەولێر دەستگیرکرا

ئەو تۆمەتبارەی هێرشی کردە سەر مزگەوتەکانی هەولێر دەستگیرکرا
دیمه‌نی دڕاندنی قورئانی پیرۆز له‌ مزگه‌وتێكی هه‌ولێر
کورتە

لە هەولێر؛ هێرشبەرێکی سەر شوێنە پیرۆزەکان کەوتە دەست هێزە ئەمنییەکان.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی ڕاگەیاند کە لە چەند شەوی ڕابردوودا هێرشی کردبووە سەر چەند شوێنێکی ئایینی لە ناو شاری هەولێر. تۆمەتبارەکە پێشینەی تێکدانی گۆڕستانی کریستیانەکانیشی هەبووە.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، دوای ئەوەی ئاگادارکرانەوە کە کەسێکی نەناسراو لە درەنگانێکی شەودا هەڵیکوتاوەتە سەر دوو مزگەوت و تەکیەیەک لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر، تیمەکانیان دەستیان بە بەدواداچوون کردووە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی ورد، توانرا ناسنامەی تۆمەتبارەکە ئاشکرا بکرێت و دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، تۆمەتبارەکە بەناوی (ح. ص. م) دەستگیر کرا.

 

ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەش داوە، کە ئەم تۆمەتبارە پێشتر هەمان ئەو کەسە بووە کە گۆڕستانی کریستیانەکانی لە قەزای شەقڵاوە و قەزای کۆیە شێواندبوو. لە ئێستاشدا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕێکخراوە و ڕەوانەی دادگا کراوە بۆ ئەوەی ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتە بەر.

21 نیسان 2026 18:21
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026