فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک: بایکۆتی کۆبوونەوەی 16ـی نیسان دەکەین
بەیاننامەیەک لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکەوە
بڕیارە سبەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک بدرێت بە بەری تورکمانی، فراکسیۆنی پارتی لە پێناو بەرژەوەندی هاووڵاتییانی کەرکووک، بایکۆتی کۆبوونەوەی 16ـی نیسان دەکات.
کەمێک لەمەوبەر فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە: "بەشداری کۆبوونەوەی سبەی 16ـی نیسانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ناکەین و بایکۆتی دەکەین، ئەم بڕیارەمان تەنها هەڵوێستێکی سیاسی نییە، بەڵکو درێژەی هەڵوێستە نەتەوەییەکانی پێشوومانە، لەوانە بایکۆتی کۆبوونەوەی هۆتێل ڕەشید".
فراکسیۆنی پارتی هۆکاری بایکۆت ئاشکرا دەکات: "بڕوامان وایە بڕیاردان لەسەر چارەنووسی کەرکووک لە ژوورە تاریکەکان و بەبێ گەڕانەوە بۆ ئیرادەی ڕاستەقینەی نوێنەرانی شارەکە و دەنگی ئێوەی دڵسۆز، زیان بە پێکەوەژیان و دەسکەوتە نەتەوەییەکان دەگەیەنێت".
فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوە دا: "ئەم بایکۆتە نیشانەی دووربینیی سیاسیەتی حەکیمانەی پارتیمانە و پابەندبوونمانە بە ڕێبازی پیرۆزی بارزانی".
لە بەیاننامەکەی فراکسیۆنی پارتی هاتووە: "ئێمە ئامادە نین ببینە بەشێک لە پڕۆسەیەک کە تێیدا نوێنەرانی شەرعی پەراوێز بخرێن و بڕیارەکان لە دەرەوەی ئیرادەی خەڵک بسەپێندرێن، پارتی وەک هەمیشە ئامادەیە باجی کوردایەتی بدات و سازش لەسەر مافە نەتەوەییەکان نەکات، وەرگرتنی پۆستیش بەلاوە گرنگ نییە ئەگەر باجەکەی پاشکۆیەتی و بێدەنگبوون بێت".
لە کۆتایی بەیاننامەکەی فراکسیۆنی پارتی ڕوونی دەکاتەوە: "ئێمە وەک چەتری کۆکەرەوەی هەموو پێکهاتەکان دەمێنینەوە و تەنها پشتگیری لە تەباییەکی وا دەکەین کە مافی هەمووان بە دادپەروەری بپارێزێت و کەرامەتی هاووڵاتییانی کەرکووک لە سەروو هەموو شتێکەوە دابنێت".
ئەمە لەکاتێکدایە، فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕۆژی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمانی عێراقی کرد، هەروەها فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمان و حکومەتی عێراق کشایەوە.