پایتەخت

چاره‌سه‌ری منداڵ كاتێك سه‌یری سایته‌كانی پۆڕن ده‌كات

چاره‌سه‌ری منداڵ كاتێك سه‌یری سایته‌كانی پۆڕن ده‌كات
د. دیلمان ئازاد خۆشناو، پسپۆڕی پزیشکیی دادوەری و مامۆستای زانکۆ
کورتە

ژماره‌یه‌ك ڕێنمایی گرنگ به‌ دایكان ده‌درێت

ئەگەر ڕۆژێک بینیت منداڵە تازە پێگەیشتووەکەت تەماشای ڤیدیۆی نەشیاو دەکات بەتایبەت سایتە پۆرنەکان کاردانەوەت چۆن دەبیت؟ بە 5 خاڵ چارەسەری بکە


دایکێک لە سییەکانی تەمەنیدایە و زۆر بە پەشۆکاوییەوە باسی بەسەرهاتێک دەکات کە خۆی بینیویەتی: کوڕە تەمەن 14 ساڵانەکەی تەماشای ڤیدیۆی پۆڕن دەکات خانمەکە ئەوەندە شڵەژا بوو نەیدەتوانی لەبەر گریان باسەکە تەواوبکات، پاش هێورکردنەوەی دایکەکە چەند ڕێنماییانەم پێ گوت، دڵنیام ئێوەش سوودی لێ دەبینن.

 
ڕێنماییەکان پێنج خاڵی سەرەکین..


یەکەم: کۆنتڕۆڵی هەست و تووڕەبوون و کاردانەوەت بکە لەو کاتەدا:
زانست دەڵێت کاردانەوەی توند پەیوەندیی نێوان منداڵ و دایباب دەپچڕێنێت و لەوانەیە پێچەوانە ببێتەوە و تازەپێگەیشتووەکە زیاتر بەدوای ئەو ڤیدیۆیانە بگەڕێت و بەدزییەوە سەیریان بکات لەبەر ئەوەی دەیەوێت بزانێت بۆچی بەو جۆرە قەدەغە کراوە.
کۆنترۆڵکردنی هەستەکانت بەوە دەبێت کە هەناسەیەکی قووڵ هەڵمژیت و ئارام ببیتەوە، لەبەرئەوەی سلۆپی تووڕەبوون زۆر کورتە و دێتە خوارەوە، هەربۆیە هەستی ترس دروست مەکە لای منداڵە تازەپێگەیشتووەکەت کە وابکەیت جارێکی دیکە نەیەتە لات و قسەت بۆ باس بکات و جۆرێک لە شەرم و ترس دروست بێت، چونکە ئەو حاڵەتە ترسناکترە و شتی گەورەتری بەدواوە دێت.


دووەم: دەست بە گفتوگۆیەکی کراوە بکە :
زانست دەڵێت ئەو تازەپێگەیشتووەی کە گفتوگۆی کراوە و ئەرێنیی لەگەڵ دەکرێت کەمتر ڕەفتاری ترسناک و هەڵە ئەنجامدەدات .
بۆیە ئەوەی بینیت بە ڕاستەوخۆ پێی بڵێ، بەبێ ئەوەی بڕیار و قسەی ناشیرینی لەسەر بدەی. پێی بڵێ (بینیم کە تەماشای هەندێک ڤیدیۆی نەشیاوت دەکرد، دەزانم لەم تەمەنەدا مرۆڤ دەیەوێت زۆر شت بزانێت بەڵام ئەوە بزانە کە ئەوەی دەیبینیت دوورە لە ڕاستی و زانست).


سێیەم: تێی بگەیەنە جیاوازیی ژیانی ڕاستەقینە و ژیانی خەیاڵ چییە:
زانست باس دەکات کە ئەو ڤیدیۆیانە بە تەواوەتی دوورن لە ژیانی ڕاستەقینە و زۆر بینینیان وادەکات مرۆڤ لە خەیاڵدا بژی و دوور بێت لە ژیانی ڕاستی.
بۆیە ئەرکی تۆیە وەکو دایک و باوک بە ڕوونی بۆ هەرزەکارەکەی باس بکەیت کە ئەو پەیوەندییەی لەو ڤیدیۆیانەدا دەیان بینێت دوورن لە ڕاستی و ڕێزگرتن، بەڵکو پەیوەندیی نێوان دوو ڕەگەز پێویستی بە ڕێزگرتن و خۆشەویستی هەیە و مانای ئەوە نییە هەموو بیرکردنەوەمان بەرامبەر ڕەگەزی بەرامبەر تەنها بۆ ئەو مەبەستە بێت.


چوارەم: باسکردنی گەشەی مێشک:
زانست باسی لەوە کردووە کە مێشکی هەرزەکار لە گەشەکردندایە و تەماشاکردنی ئەو ڤیدیۆیانە وادەکات دۆپامین زۆر بێت کە زۆر کاریگەریی نەرێنیی هەیە لەسەر مێشک.
 ئەرکی سەرشانتە وەکو دایک و باوک بۆ هەرزەکارەت ڕوون بکەیتەوە کە چۆن هێشتا مێشکی لەگەشەکردن دایە و هۆرمۆنەکانی ناجێگیرن، هەروەکو چۆن باسی خواردنی تەندروست و ناتەندروست دەکەی بەهەمان شێوە ئەوەشی بۆ ڕوون بکەوە بەبێ هەستکردن بە شەرم.


پێنجەم: دانانی چاودێری لەسەر سۆشیاڵمیدیای منداڵەکەت:
پێش هەموو شتێک کاتی نووستن مۆبایل و ئایپادەکانیان نابێت لە ژووری نوستن بێت و ئینتەرنێتی ماڵەکەت دەبێت کۆنترۆڵکراو بێت.
نامەیەک بۆ دایک و باوکان:
منداڵی تازەپێگەیشتوو لە گەشە و گەورەبوون دایە و زۆر شت لە هۆرمۆن و جەستەی دەگۆڕێن، بۆیە دەبنە خاوەن جەستەیەکی گەورەتر و مێشکێکی منداڵ و دەکەونە ژێر خانەی منداڵ، بۆیە چاوەڕوانکراوە هەڵە بکەن و ڕەفتاری نابەجێ بکەن بۆ جارێکیش بێت. کە هەڵەکە دەبینیت، بیرێک لەوە بکەرەوە کە لە ڕابردوودا هەرزەکاریی خۆت چۆن بووە بەڵام جیاوازیی سەردەم ڕەچاو بکە. ئەوەش گرنگە بیزانیت کاتێک هەرزەکارەکە هەڵە دەکات مانای ئەوە نییە هەست بە تاوان بکەیت و تەنیا گلەیی لەخۆت بکەیت.
ئەوەشت بیر بێت کە لە هەرزەکار دووبارە و سێ بارە کردنەوەی ئامۆژگاری زۆر گرنگە، هەرگیز مەڵێ ماندوو بووم.


سەرچاوەکان..
1- American academy of pediatrics 
2- American psychological association 
3- journal of adolescent health 
4- JAMA journal for pediatrics 
5- brain storm: the power and purpose of teenage brain 
6- The new puberty


د. دیلمان ئازاد خۆشناو
پسپۆڕی پزیشکیی دادوەری و مامۆستای زانکۆ

11 نیسان 2026 12:14
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026