رۆژنامهی تایمزی بەریتانی: موجتەبا خامنەیی بێ هۆشە
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی هەواڵگری ئیسرائیل/ئەمریکا، موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران توانای بەڕێوەبردنی ڕژێمی نییە.
بۆ یەکەمجار شوێنی مانەوەی ڕێبەری باڵای ئێران ئاشكرا بوو و ناوبراو لەدەرەوەی تاران چارەسەر وەردەگرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، رۆژنامهی تایمزی بەریتانی لە زاری سەرچاوەیەکی هەواڵگری ئیسرائیل و ئەمریکا، کە خەملاندنیان بۆ دۆخی تەندروستی ئێستای موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران کردووە، دەرکەوتووە ناوبراو دۆخێکی تەندروستی خراپە و بێ هۆشە، هیچ توانایەکی بڕیاردان و بەڕێوەبردنی ڕژێمی وڵاتەکەی نییە.
بۆیەکەمجار لە دوای دەستپێکی جەنگ و کوژرانی عەلی خامنەیی باوکی 28-2-2026، ئەم سەرچاوە هەواڵگرییە شوێنی مانەوەی موجتەبا خامنەیی ئاشکرا کردووە و لە ئێستادا لە شاری "پیرۆزی قوم" لە ئێران (87 میل لە تارانەوە دوورە) چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت. لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، تەرمی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی باڵای ئێران، لە شاری قوم ئامادە دەکرێت بۆ ئەوەی بەخاک بسپێردرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە ڕۆژی 9ـی 3ـی 2026، موجتەبا خامنەیی بە ڕێبەری باڵای نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران دیاریکرا، بەڵام لەم کاتەوە لە نێو خەڵک و میدیاکان دەرنەکەوتووە، دوای چوار ڕۆژ لە وەرگرتنی پۆستەکەشی پەیامێکی (بە نووسراو) بڵاوکردەوە و هەڕەشەی لە ئەمریکا و ئیسرائیل کرد.
دۆخی تەندروستی ئێستای موجتەبا خامنەیی، توانای بەڕێوەبردنی دەخاتە ژێر پرسیارەوە کە وەک ڕێبەری باڵا دەسەڵاتی سیاسی و ئایینی ڕەهای هەبێت، ئەمەش ئەو پێشبینیانە زیاتر پشتڕاست دەکەنەوە، کە سوپای پاسداران کۆنترۆڵی وڵاتەکەی بەدەستەوەیە و خامنەیی تەنها وەک "بوکەڵەیەک" یان "سیمبولێک" داندراوە.
لە 29-3-2026، پێگەی ئێران ئینتەرناشناڵ لە زاری چەند سەرچاوەیەکی وڵاتەکەوە دەریخستبوو، جیاوازییەکی گەورە لە نێوان مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران و ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران لەسەر چۆنییەتی بەڕێوەبردنی جەنگەکە، ژیانی خەڵک و ئابووری وڵات هەیە. پزیشكیان ڕەخنەی لە هێرشی سوپای پاسداران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو گرتبوو و هۆشداری لە ڕووخانی ئابووری وڵاتەکە دابوو، کە "ئەگەر ئاگربەست نەکرێت، لە سێ هەفتە یان مانگێکی دیکە، ئابووری وڵات دەڕووخێت." داوای گەڕانەوەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و بەڕێوەبردنی وڵاتەکەشی بۆ حکومەت کردبوو.