پایتەخت

هەرێم و بەغدا لەسەر پێناسی گومرگی و سیستەمی ئەسیکۆدا رێککەوتن

هەرێم و بەغدا لەسەر پێناسی گومرگی و سیستەمی ئەسیکۆدا رێککەوتن
کورتە

ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وزاریی عێراق ڕێککەوتن کرا و کێشەی بازرگانان چارەسەر دەبێت

ماوەی زیاتر لە ساڵێکە بەغدا و هەرێم لەسەر سیستەمی ئەسیکۆدا ناکۆک بوون، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وزاریی عێراق ڕێککەوتن کرا و کێشەی بازرگانان چارەسەر دەبێت.

 

ئەمڕۆ دووشەممە ئەنجوومەنی وەزاری عێراق بۆ کاروباری ئابووریی لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کۆبووەوە و گفتوگۆیان لەسەر جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا و یەکخستنی پێناسی گومرگی کرد.

 

سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا ڕێککەوتن لەسەر پێناسەی گۆمرگی و سیستەمی ئەسیکۆدا کراوە.

 

ئەنجوومەنی وەزاری عێراق بۆ کاروباری ئابووریی ئەنجامی کۆبوونەوەکە ئاشکرا دەکات، ڕێککەوتنەکە لەسەر یەکخستنی سیاسەتی گومرگە لەوانەش پێناسی گومرگی و سیاسەتی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ.

 

گرنگترین بڕیار و خاڵەکانی کۆبوونەوەکە بەم شێوەیەی خوارەوە:

 

 - یەکخستنی رێکارە گومرگییەکان: رێککەوتن کرا لەسەر یەکخستنی سیاسەتی گومرگی، پێناسی گومرگی و پاراستنی بەرهەمی نیشتمانی لە سەرجەم مەرزەکانی عێراق و هەرێم.

 

 - سیستەمی (ئەسیکۆدا): بڕیاردرا لێژنەیەکی تەکنیکی لە نێوان وەزارەتی دارایی عێراق و بەڕێوەبەرایەتی گومرگی هەرێم پێکبهێنرێت بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنی (ئەسیکۆدا) بە رەچاوکردنی تایبەتمەندییە یاساییەکانی هەرێم.

 

 - هاوردەکردنی ئاڵتوون: ئەنجومەن بڕیاریدا "مەرزی نێودەوڵەتی تڕێبێل" وەك دەروازەیەکی رێگەپێدراو بۆ هاوردەکردنی ئاڵتوون بۆ ناو وڵات زیاد بکرێت، ئەمەش بەهۆی ئەو بارودۆخە نائاساییە و قەدەغەی فڕینەی کە لە ناوچەکەدا هەیە.

 

لای خۆیەوە پێشووتریش مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی پەیڕەوکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا ئاماژەی بەوە دابوو، هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ جێبەجێکردنی سیستەمەکە نییە تەنیا ڕێکاری جێبەجێکردنەکە دەبێت لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە بێت چەند مانگێک کاتی دەوێت.

 

ماوەی چەند مانگێکە بەهۆی جێگیرنەکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا حکومەتی فیدراڵ ڕێگەی نەدەدا دۆلار بۆ بازرگانانەکان تەرخان بکرێت تاوەکو کاڵا و خۆراک بێتە نێو هەرێمی کوردستانەوە.

 

سیستەمی ئەسیکۆدا شێوازێکی نێودەوڵەتیی بەڕێوەبردنی گومرگە بازرگانیی دەرەکی تێدا رێکخراوە و زانیاری لەسەر جۆرى کاڵا بازرگانییەکان دەستەبەر دەکات.

06 نیسان 2026 18:36
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026