ئیسرائیل: چاوەڕێی فەرمانی ئەمریکاین بۆ هێرشکردنە سەر وێستگەکانی وزەی ئێران
لە ئەگەری شکستهێنانی ڕێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا، ئیسرائیل ئامادەی بۆردوومانکردنی وێستەگەکانی ئێرانە.
سەرجەم وێستگەکانی وزەی ئێران لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکا دیاریکراون و دوای کۆتایی هاتنی وادەکەی سەرۆکی ئەمریکا، هێرشەکان دەستپێدەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلەوە ئاشكرای کرد، ئەمریکا و ئیسرائیل ئامانجەکانیان بەمەبەستی لاوازکردنی ئابووری ئێران ئامادە کردووە و لە ئێستادا ئیسرائیل لەم هەفتەیەدا چاوەڕوانی "ڕێگەپێدانی" ئەمریکایە، تا وێستگەکانی وزەی ئێران بۆردوومان بکات، کە دەبێتە لاوازکردنی بەرهەمی یەکێک لە وڵاتە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنەری نەوت و گازی جیهان.
بەئامانجگرتنی ئابووری ئێران، وڵاتەکە ناچار دەکات چیتر پشت بەو بەرژەوەندییانەیان نەبەستن، کە لە ڕێگەی هێواشکردنەوەی هاتووچۆی بازرگانی لە گەرووی هورمز بەدەستیان هێنابوو. ( 20% نەوتی جیهان بە گەرووی هوورمزدا هاتووچۆ دەکات)
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتی، لە چەند هەفتەی رابردوودا کەمتر لە 200 کەشتی توانیویانە گەرووی هورمز ببڕن، نزیکەی دوو هەزار کەشتیش لە گەرووەکە گیریان خواردووە.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئامادەن سەرجەم پرد و وێستگەکانی وزەی ئێران بۆردوومان بکەن، لەم ڕێگەیەوە زیانێکی هێندە گەورەیان پێ بگەیەنن، "تا 20 ساڵی دیکە نەتوانن بنیادیان بنێنەوە، ئەویش ئەگەر تا ئەو کاتە وڵاتیان مابێت."
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە، بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا رایگەیاند، هێزەکانیان گورزێکی وێرانکەریان لە ژێرخانی ئابووری و پیشەسازیی ئێران (لە کەرتی پێترۆکیمیا و پیشەسازیی پۆڵا) وەشاندووە و جەختی لەوە کردەوە، کە ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە پەکخستنی سەرچاوەکانی تاران.