ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بۆ ئەمریکا: هێرشەکانتان ڕابگرن تا تیشکدانەوەی ئەتۆمی ڕووینەداوە
لەماوەی هەفتەیەکدا چوار جار وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر لە ئێران بۆردوومان کرا و مەترسی تیشکدانەوەی ئەتۆمی هەیە.
ئەمریکا و ئیسرائیل وێستەگەیەکی ئەتۆمی ئێرانیان بۆردوومان کرد و هۆشداری لە تیشکدانەوەی ئەتۆمی دەدرێت.
ئەمڕۆ شەممە، ڕێکخراوی نێودەڵەتی وزەی ئەتۆم ڕایگەیاند، لەلایەن ئێرانەوە ئاگادارکراونەتەوە، کە ئەمریکا و ئیسرایل بۆردوومانی نزیک لە وێستگەی ئەتۆمی بوشەهریان لە وڵاتەکە کردووە، لە ئەنجامدا یەکێک لەو کارمەندانەی کە وەک پارێزەری بنکە ئەتۆمییەکە کاری دەکرد، بەهۆی بەرکەوتنی پارچەی مووشەکێک گیانی لەدەستدا و زیان بە ڕووی دەرەوەی باڵەخانەی وێستگەکەش گەیشتووە، بەڵام هیچ تیشکدانەوەیەکی ئەتۆمیی ڕووینەداوە.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بە هۆشدارییەکانی رافائێل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لەسەر هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر وێستگە ئەتۆمییەکە داوە و لە مەترسی تیشکدانەوەی ئەتۆمی، ناوبراو داوای وەستاندنی تەواوی هێرشەکانی ئەمریکای بۆ سەر ئێران کردووە و باسی لە گرینگی پابەندبوون بە یاسا و ڕێساکانی "سەلامەتی ئەتۆمی" لە کاتی جەنگدا کردووە.
جێگەی باسە لە ماوەی تەنیا هەفتەدا، ئەمە چوارەم جارە هێرش دەکرێتە سەر وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر و لە 1-4-2026، کۆمپانیایەکی ڕووسی بڕیاری دا زیاتر لە 200 کارمەندی خۆی لە وێستگەکە بکشێنێتەوە.
وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر، کە توانای بەرهەمهێنانی 1000 مێگاوات کارەبای هەیە، تاکە وێستگەی ئەتۆمیی چالاکی ئێرانە و ڕووسیا رۆڵی سەرەکی لە بونیادنان و کارپێکردنیدا هەیە.