پایتەخت

حکومەتی ئێران: 60,000 دۆلار بۆ ئەو کەسەی فرۆکەوانەکەمان بە زیندوویی رادەست بکات

حکومەتی ئێران: 60,000 دۆلار بۆ ئەو کەسەی فرۆکەوانەکەمان بە زیندوویی رادەست بکات
کورتە

لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێری ڕابردوو، ئێران دوو فرۆکەی جەنگی ئەمریکای تێکشکاندووە، فرۆکەوانێک بێسەرووشوێنە و ئێران و ئەمریکا هەوڵی دۆزینەوەی دەدەن.

تا ئێستا فرۆکەوانێکی فرۆکەیەکی جەنگی ئەمریکا بێسەرووشوێنە و شارەزایەکی یاسا نێودەوڵەتییەکان، هۆشداری لە لێکەتەکانی دەستگیرکردنی فرۆکەوانەکە لەلایەن ئێرانەوە دەدات.

ئەمڕۆ شەممە، ئاژانسی سکای نیوز لە زاری پەیامنێرێکیان ڕایگەیاند، حکومەتی ئێران 60 هەزار دۆلاری وەک خەڵات بۆ ئەو کەسە دیاریکردووە، کە بتوانێت ئەو فرۆکەوانەی لە فرۆکەیەکی جۆری F-15ـی ئەمریکا کەوتەخوارەوە، بە زیندووی رادەست بکات.

ئاژانسەکە ئاماژەی بە تیمەکانی ئەمریکا بۆ گەڕان بەدوای فرۆکەوانەکە کردووە و ئاشکرای کردووە، هێزەکانی ئەمریکا لە خاکی ئێران هاتوونەتە خوارەوە و توانیویانە بە خێرای یەکەم فرۆکەوانی فرۆکە F-15ـەکە ڕزگار بکەن.





ئەم خەڵاتە داراییەی ئێران لە کاتێکدایە، دوێنێ هەینی 3-4-2026، ئێران دوو فرۆکەی جەنگی ئەمریکای تێکشکاند. یەکێکیان لە جۆری ئەی 10 بوو و فرۆکەوانەکەی لەلایەن هێزی ئەمریکاوە ڕزگار کرا. فرۆکەکەی دیکە لە جۆری F-15 بوو و دوو فرۆکەوانی هەبوو، یەکێکیان ڕزگار کراوە و ئەوەی دیکەش لەلایەن ئەمریکاوە هەوڵی دۆزینەوە و ڕزگارکردنی دەدرێت.

لەبارەی ئەگەری لێکەوتەکانی دەستبەسەرداگرتنی ئەم فرۆکەوانە ئەمریکییە لەلایەن ئێرانەوە، لەورێڵ راپ، شارەزایەکی یاسا نێودەوڵەتییەکانی ئەمریکا بە کەناڵی بی بی سی ڕاگەیاند، دەستگیرکردنی فرۆکەوانە ئەمریکییەکە لەلایەن ئێران دەستکەوتێکی گەورە دەبێت بۆ ئەو وڵاتە و بەرژەوەندییەکی گرینگ لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.

 ئەو شارەزایە ئەمریکییە ئاماژەی بە مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی دەستگیرکردنی فرۆکەوانە ئەمریکییەکە کرد و گووتی: "ئەگەر بێت و ئێران ڤیدیۆی دەستگیردنی فرۆکەوانە ئەمریکییەکە بڵاوبکاتەوە، دیدگای خەڵکی ئەمریکا بۆ جەنگەکە خراپتر دەکات و ئەگەری دانوستان و هێورکردنەوەی دۆخەکە کەمتر دەکاتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەمڕۆی کەناڵی سی ئێن ئێن، لە سەرەتای جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل/ئەمریکا، تا ئێستا 7 فرۆکەی جەنگی ئەمریکا تێکشکێندراون.  هیوستن کانتوێڵ، فرۆکەوانێکی خانەنشینبووی فرۆکەی F-16ـی ئەمریکا ڕایگەیاند، دواین جار کە فرۆکەیەکی جەنگی ئەمریکا لە کاتی شەڕدا خرایەخوارەوە، لە ساڵی 2003 لە کاتی داگیرکردنی عێراق بوو لەلایەن ئەمریکاوە، تێیدا فرۆکەیەکی جۆری ئەی 10ـی سەندەربۆڵت تێکشکێندرا.

04 نیسان 2026 12:40
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026