پایتەخت

زیاتر لە 20 ساڵە فرۆکەی جەنگی ئەمریکا تێکنەشکێندرا بوو

زیاتر لە 20 ساڵە فرۆکەی جەنگی ئەمریکا تێکنەشکێندرا بوو
کورتە

بۆیەکەمجار لە جەنگی ئێران و ئیسرائیل، ئێران توانی دوو فرۆکەی جەنگی ئەمریکا تێکبشکێنێت و فرۆکەوانێكی خانەنشینبووی ئەمریکاش، هۆکاری تێکنەشکانی فرۆکەی جەنگی وڵاتەکە لە 20 ساڵی ڕابردوو ئاشكرا دەکات.

لەسەر کەمی ڕێژەی خستنەخوارەوەی فرۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا، فرۆکەوانێکی خانەنشینبووی وڵاتەکە مێژووی 20 ساڵی ئەمریکا بە "موعجیزە" وەسف کرد.

ئەمڕۆ شەممە، هیوستن کانتوێڵ، فرۆکەوانێکی خانەنشینبووی فرۆکەی F-16ـی ئەمریکا ڕایگەیاند، دواین جار کە فرۆکەیەکی جەنگی ئەمریکا لە کاتی شەڕدا خرایەخوارەوە، لە ساڵی 2003 لە کاتی داگیرکردنی عێراق بوو لەلایەن ئەمریکاوە، تێیدا فرۆکەیەکی جۆری ئەی 10ـی سەندەربۆڵت تێکشکێندرا.

لەبارەی هۆکاری ئەو ماوە زۆرەی تێکنەشکانی فرۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا، ئەم فرۆکەوانە گووتی: "هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ئەمریکا لە ماوەی ئەم 20 ساڵەدا بەشێوەیەکی گشتی لەگەڵ ئەو شۆڕشگێرانە جەنگاوە، کە خاوەنی هەمان (وەک ئێران) توانای سیستمی دژە فرۆکەی جەنگی نەبوون، بەڵام ئەم ماوە زۆرە خۆی لە خۆیدا 'موعجیزەیە'. ئاماژەی بە تاواناکانی هێزەکانی ئەمریکا دا و جەختی کردەوە، لە کاتێکدا تا ئێستا ژمارەیەکی زۆری فرۆکەی ئەمریکا لە جەنگی ئێران تێکنەشکێندراون، "ئەمە دەرخەری تواناکانی هێزی ئەمریکایە."

قسەکانی هیوستن کانتوێڵ لە کاتێکدایە، دوێنێ هەینی 3-4-2026، ئێران دوو فرۆکەی جەنگی ئەمریکای تێکشکاند. یەکێکیان لە جۆری ئەی 10 بوو و فرۆکەوانەکەی لەلایەن هێزی ئەمریکاوە ڕزگار کرا. فرۆکەکەی دیکە لە جۆری F-15 بوو و دوو فرۆکەوانی هەبوو، یەکێکیان ڕزگار کراوە و ئەوەی دیکەش لەلایەن ئەمریکاوە هەوڵی دزۆینەوە و ڕزگارکردنی دەدرێت.

دوای تێکشکاندنی فرۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا، ڕژێمی ئێران و بازرگانانی وڵاتەکە، پێشکەشکردنی خەڵاتی داراییان بۆ هەر کەسێک ڕاگەیاند، کە بتوانێت فرۆکەوانە ئەمریکییەکان بە زیندووی ڕادەست بکەن.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا  لە بارەی خستنەخوارەوەی فرۆکە ئەمریکییەکە لە ئاسمانی ئێران بە کەناڵی ئێن بی سی نیوزی ڕاگەیاند: "ئەم ڕووداوە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر دانوستان نابێت."

لەلایەکی دیکەوە کەناڵی سی ئێن ئێن ڕایگەیاندووە، لە سەرەتای جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل/ئەمریکا، تا ئێستا 7 فرۆکەی جەنگی ئەمریکا تێکشکێندراون.

04 نیسان 2026 10:17
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026