یەکێتی هاوکارییە داراییەکانی بۆ هاوپەیمانی ڕاگرت
حزبی هاوپەیمانی نیشتیمانی ڕووبەرووی قەیرانی دارایی بووەتەوە و لە لێواری هەڵوەشانەوە دایە
حزبی هاوپەیمانی نیشتیمانی ڕووبەرووی قەیرانی دارایی بووەتەوە و لە لێواری هەڵوەشانەوە دایە، سەرچاوەیەکی تایبەتیش زانیاری نوێ و جیاواز لەبارەی پشتیوانی دارایی یەکێتی بۆ ئەو حزبە ئاشکرا دەکات.
سەرچاوەیەکی تایبەت بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، حزبی هاوپەیمانی نیشتیمانی ڕووبەڕووی قەیران بووەتەوە و لە ئێستادا تەنیا نزیکەی 12 ئەندام لە نێو ڕیزەکانیدا ماوەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە ماوەی دوو مانگە پاڵپشتییە داراییەکانی لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە ڕاگیراوە.
لە 2ـی 10ـی 2017، حزبی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری (هاوپەیمانی نیشتمانی) دامەزرا و بەرهەم ساڵح وەک سەرۆکی هاوپەیمانێتییەکە هەڵبژێردرا.
ئەو سەرچاوە تایبەتە ئاشکرای دەکات، ئەو حزبە پێشووتر لەژێر چەتری پاڵپشتی دارایی یەکێتیدا بووە، لە ئێستادا بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و ژمارەی ئەندامەکانی بەردەوام ڕوو لە کەمییە، بە شێوەیەکە تەنها چەند کەسێکی کەم لە نێو گۆڕەپانی چالاکییەکانیدا ماونەتەوە.
حزبی هاوپەیمانی نیشتمانی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەشداری کرد و توانی دوو کورسی پەرلەمانی بەدەست بهێنێت.
سەرچاوەکە دووپاتی کردەوە، ماوەی زیاتر لە دوومانگە بودجەی حزبەکە بڕدراوە ئەمەش بووەتە پەککەوتنی تەواوەتی بەسەر کارەکانیدا، پێشبینی دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا بەهۆی نەمانی ئەندام و نەبوونی سەرچاوەی دارایی، کۆتایی بە بوونی سیاسی خۆی بهێنێت.
لە ساڵی 2018 ئارام قادر بە سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانی هەڵبژێردرا، هەروەها لە ساڵی 2024 وازی لە پۆستەکە هێنا و لە ئێستادا دڵشاد بابانی، سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانییە.