بۆ ئەم مانگە کێشە بۆ مووچە دروست نابێت و هەفتەی داهاتوو دێت
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق وادەی هاتنی مووچە ئاشکرا دەکات
هەرێمی کوردستان بۆ ئەم مانگە ناتوانێت داهاتی نانەوتی ڕادەستی بەغدا بکات، ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق وادەی هاتنی مووچە ئاشکرا دەکات.
کەمێک لەمەوبەر سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە پایتەخت میدیای راگەیاند، تاوەکو مانگی پێنج کێشە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و عێراق دروست نابێت، بۆیە ئەگەر شەڕ و ئاڵۆزی ناوچەکە بەردەوام بێت ئەوا حکومەتی فیدراڵ ناتوانێت مووچە بداتە فەرامنبەران.
ڕۆژی دووشەممە 30ـی 3ـی 2026، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی سێی ڕادەستی بەغدا کرد.
سروە محەممەد دووپاتی کردەوە، بۆ مووچەی مانگی سێ هەرێمی کوردستان ناتوانێت 120 ملیار دینارەکە ڕەوانەی بەغدا بکات، لەبەرامبەردا حکومەتی فیدراڵ نیازپاکی بۆ نەناردنی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان نواندووە.
بەپێی زانیارییەکانی پایتەخت میدیا، داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی داخستنی دەروازە سنوورییەکان و گەشتە ئاسمانییەکان بەڕێژەی بەرچاو کەم بووەتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە وادەی دابەشکردنی مووچەی مانگی سێ ئاشکرا دەکات، هەفتەی داهاتوو سەرجەم ڕێکارییەکان تەواو دەبن مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکرێت.
لای خۆیەوە د.فازڵ نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، هەفتەی داهاتوو هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق کار لەسەر ناردنی مووچە دەکەن و بەپێی زانیارییەکان هەر لە هەفتەی داهاتوودا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەگات.