پایتەخت

سوپای لوبنان: هێزەکانمان لە سنووری باشوور کشاندەوە

سوپای لوبنان: هێزەکانمان لە سنووری باشوور کشاندەوە
کورتە

وردە وردە هێزەکانی لوبنان بەهۆی هاتنە پێشەوەی سوپای ئیسرائیل لە وڵاتەکە، بە ناچاری سنوور جێدەهێڵن.

سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە پێشڕەوییەکانیان بۆ نێو خاکی لوبنان و سوپای لوبنان، کشاندنەوەی هێزەکانیان ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاژانسی ئەسۆسیەت پرێس لە زاری هێزی سەربازی لوبنان ڕایگەیاند، هێزەکانی سەربازی لوبنان بەشێوەیەکی فراوان لە بەشێکی شارۆچکە سنوورییەکان کشاونەتەوە، دوای ئەوەی ئیسرائیل دەستی بە هاتنەپێشەوە لە باشووری وڵاتەکە کرد.

هێزی سەربازی لوبنان لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەیاندا ئاماژەیان بە جێگۆڕکێی هێزە سەربازییەکانیان کردووە، بۆ ئەوەی پەرت نەبن و لە سەرچاوە ئاسایشییەکان نەپچڕێن. لە کاتێکدا لە ماوەی تەنیا لە یەک مانگی ڕابردوو، زیاتر لە ملیۆنێک کەس لە دانیشتووانی لوبنان بەهۆی ‌هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکە ئاوارە بوون، بەڵام دانیشتووانی کۆمەڵگە مەسیحییەکانی وەک ڕمەیش و عەین ئەبل، تا ئێستا بە پشت بەستن بە ڕابەرایەتی هێزی سەربازی لوبنان لەو کۆمەڵگایانە ماونەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ئیسرائیل ناوچەکانی باشووری لوبنانی تا ڕووباری لیتانی بە ناوچەی "زۆنی ئاسایش" دەستنیشان کردووە و بەهۆی شەڕ و پێکدادانیان لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنان، دانیشتووانی ئەو ناوچانە ناتوانن بگەڕێنەوە ئەو شوێنانە تا ئەو کاتەی ئیسترائیل زانیاری بڵاودەکاتەوە.

ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو 29-3-2026، سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، بۆ یەکەمجار چالاکییەکی سنووربڕیان ئەنجامدا و هێزێکی سوپاکەیان لە چیای “جەبەل شێخ"ـی سووریاوە چوونە چیای "ڕوس" لە باشووری لوبنان، ئەمەش بەمەبەستی کۆکردنەوەی زانیاری هەوڵگری و ئاشکراکردنی ژێرخانی تیرۆریستان.

لەسەر بەرەوپێشچوونی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ نێو خاکی لوبنان، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) لە کۆنگرەی لووتکەی ستراتیژیی پەیوەندییەکان لە ئیستەنبووڵ هۆشداری داوە، کە ئیسرائیل بە پاساوی بەرگرییەوە، خەریکی جێبەجێکردنی پلانی داگیرکارییە، دەیەوێت بە زەبری هێز و سەپاندنی دۆخی نەخوازراو، خاکی فەڵەستین و لوبنان داگیر بکات. "ئێمە بە تووندی دژی سیاسەتی لکاندن و داگیرکاری ئیسرائیل." دەوەستینەوە."

01 نیسان 2026 13:45
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026