سبەی مووچەی مانگی پێنج خەرج دەکرێت

بڕیاری ناردنی مووچەی مانگی پێنج لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە درا
سبەی مووچەی مانگی پێنج خەرج دەکرێت
وا بڕیارە سبەی پێنجشەممە بەغدا مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کورستان لێکتێگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدا پەسەند کراوە و ئەگەر ئەمڕۆ ڕەوانەی بەغدا بکرێت سبەی مووچە خەرج دەکەن.
بەپێی ناوەڕۆکی لێکتێگەیشتنەکە، هەرێم مانگانە 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆ ڕادەستی بەغداد دەکات و 230 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەش رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران بە ورد و درشتی باس لە گوزەران و ژیانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کراوە و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداش خراوەتە سەر مێزی گفتوگۆ، بۆیە لێکتێگەیشتنەکە پەسەند کراوە و بە ئەگەری زۆرەوە ئەمڕۆ ڕەوانەی بەغدا دەکرێت و سبەی پێنجشەممە مووچەی مانگی پێنج لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە خەرج دەکرێت.