داهاتی کۆمپانیا گەشتیارییەکان سفر بووەتەوە و بەشێکیان دادەخرێن
بەشێک لە کۆمپانیا گەشتیارییەکانی کوردستان دادەخرێن و کارمەندەکانیان ڕەوانەی ماڵەوە دەکرێنەوە
ماوەی مانگێکە سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان ڕاگیراون، بەشێک لە کۆمپانیا گەشتیارییەکانی کوردستان دادەخرێن و کارمەندەکانیان ڕەوانەی ماڵەوە دەکرێنەوە.
لاوەند شێخ مەمووندی، سەرۆکی یەکێتیی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، بەهۆی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان کۆمپانیا و نووسینگەکانی گەشتیاری داهاتیان بووەتە سەفر، بۆیە بەتەواوەتی لە کار کەتوون و بەشێکیان دادەخرێن.
زیاتر لە هەزار کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان هەن، هەروەها زیاتر لە هەشت هەزار کارمەند لە کۆمپانیا و نووسینگەکانی گەشتیاری کار دەکەن.
لاوەند شێخ مەمووندی دووپاتی کردەوە، پێشنیاز کراوە کۆمپانیاکان %50 مووچەی کارمەندەکانیان بدەن و لە ماڵەوە بن تاوەکو بەتەواوەتی کۆمپانیاکان دانەخرێن.
سەرۆکی یەکێتیی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاری سەبارەت بە زەرەر و زیانی کۆمپانیاکان ئاماژەی بەوە کرد، کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکان بە نزیکەی 10 بۆ 15 ملیۆن زیانیان پێ دەگات، هەروەها کۆمپانیا گەورەکان بە نزیکەی 40 بۆ 50 ملیۆن زیانیان پێ دەگات.
پێش جەنگی ئێران ڕۆژانە 20-25 گەشتی ئاسمانی لە هەولێر و 5-10 گەشت لە سلێمانی ئەنجام دەدران.
لاوەند شێخ مەمووندی باسی لەوە کرد، هێڵە ئاسمانییەکان گەورەترین زەرەرمەند بوون، دواتر فڕۆکەخانە و کۆمپانیا گەشتیارییەکان تەنانەت داهاتی فرۆکەخانەکان سفر بووەتەوە ئەمەش دەبێتە زەرەرێکی گەورە بۆ هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق.
لە 28ـی 2ـی 2026 بەهۆی دەستپێکی جەنگی ئێران سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق ڕاگیران، تەنانەت هاتووچۆی گەشتیاری لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران وەستا.
لە لایەکی دیکەوە رێبوار ئازاد، بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکان لە هەرێمی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، ماوەی مانگێکە سەرجەم گەشتەکان هەڵوەشاونەوە و داهاتی کۆمپانیاکان سفر بووەتەوە، یەکەم زەرەرمەندی داخستنی گەشتە ئاسمانییەکان کۆمپانیا گەشتیارییەکانە.
رێبوار ئازاد ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی جەنگەوە گەشتیار بووەتە سفر، هیچ گروپێکی گەشتیاری نەماوە بۆ دەرەوە، چەندین کۆمپانیا بۆ داخستن داواکارییان پێشکەش کردووە، چونکە باج و رسومات دەدەن.
لە جەنگی 12 ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل بەهەمان شێوە کۆمپانیا گەشتیارییەکان زیانیان بەرکەوتووە بەپێی زانیارییەکان، هەر کۆمپانیایەک بەلایەنی کەم 5,000 بۆ 6,000 دۆلار زیانی بەرکەوتبوو.