پایتەخت

بازرگانان بە 20 ملیۆن دینار سزا دراون

بازرگانان بە 20 ملیۆن دینار سزا دراون
کورتە

ئەو بازرگانانەی سەرپێچی ڕێنماییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە بە بڕی 20 ملیۆن دینار سزا دراون

بەهۆی گرانکردنی کەلوپەلی خۆراکی لە بازاڕەکاندا، ئەو بازرگانانەی سەرپێچی ڕێنماییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە بە بڕی 20 ملیۆن دینار سزا دراون.

 

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان  بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لە ماوەی مانگی ڕەمەزان و دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسڕائیل بەرامبەر ئێران بەپێی بەدواداچوونەکان دەرکەوتووە لەم ماوەیەدا قۆڕەخکرای لە بازاڕەکان ئەنجام دراوە.

 

لەگەڵ دەستپێکی جەنگ دا حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداری بە بازرگانان و خاوەن ماڕکێت و دوکاندارەکان دا، کە نرخی کەلوپەلی خۆراکی بەسەر هاووڵاتییان زیاد نەکەن و هەر کەسێک زیادی بکات سزا دەدرێت.

 

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، لەلایەن لیژنەکانی چاودێری لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانەوە زیاتر لە 200 سەرپێچی خەڵک و بازرگانان تۆمار کراوە.

 

لە کەرتی تایبەت بەشی شەش مانگ خۆراک لە نێو کۆگاکان دا هەن، سەبارەت بە کۆگا حکومییەکان بەشی دوو مانگ خۆراکی پێویست لەبەردەست دان.

 

نەوزاد شێخ کامیل دووپاتی کردەوە، جگە لەوە دەیان سەرپێچی دیکە تۆمارکراون و بە 20 ملیۆن دینار ئەو کەسانە سزا دراون. 

 

لەم ماوەیەدا دەیان بازرگان و خاوەن ماڕكێت نرخی خۆراکیان بەسەر هاووڵاتییان بەرزکردووتەوە، تەنانت نرخی گۆشت و سەوزەوات و میوەجاتیش بەرزبووەتەوە.

 

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان  ڕوونیکردەوە، تاوەکو ئێستا چاودێری کردن بەردەوامە و ئەگەر هەر کەسێکیش نرخی کاڵا  وخۆراک زیاد بکات سزا دەدرێت.

 

بڕیارە هەفتەی داهاتوو سەبەتەی دووەمی ئەمساڵ دابەش بکرێت و جموجۆڵی بازرگانی سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران ئاسایی بووەتەوە.

30 ئازار 2026 19:04
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026