کۆنستانتین سیڤۆک: ڕووسیا لە جەنگی ئۆکراینا شکست دەهێنێت
کۆنستانتین سیڤۆک، شیکەرەوەی جەنگی ڕووسی لە 2014 بانگەشەی داگیرکردنی ئۆکراینای بە سێ ڕۆژ دەکرد، ئێستا هۆشداری لە شکستهێنانی وڵاتەکەی دەدات.
پێچەوانەی پێشبینییەکان، بەگوێرەی لێدوانی شیکەرەوەیەکی جەنگی ڕووسیی، ئۆکراینا لە ڕێگەی درۆنەوە شکست بە ڕووسیا دەهێنێت.
کۆنستانتین سیڤۆک، شیکەرەوەی جەنگی ڕووسی و جێگری سەرۆکی کێشە جیۆپۆلیتیکییەکان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا لەسەر دۆخی ئێستای جەنگی ئۆکراینا گووتی: ئێمە بەئەگەری زۆرەوە لەم جەنگە شکستدەهێنین، دەبێت ئێستا هەوڵی کۆتایی هێنان بە جەنگەکە بدەین. هێزی ئابووری ڕۆژئاوا (وڵاتانی ئەوروپا) بەسەر ڕووسیادا زاڵ دەبێت، ئێستا ئەم ڕاستییە لە نێو هێزی سەربازی ڕووسیا درکی پێ دەکرێت."
ئەم شیکەرەوەیە هۆشداری لە بەرزبوونەوەی توانای وڵاتانی ڕۆژئاوا لە بەرهەمهێنانی چەک و ( درۆن بەتایبەتی) دا و گووتی: "ئەمڕۆ ئۆکراینا 380 هێرشی درۆنی و دوێنێش 660 هێرشی درۆنی کردووە و ئەم ژمارەیەش بەردەوامە لە بەرزبوونەوە. دەبێت بۆ تێکشکاندنی هەر درۆنێک مووشەکێک بەکاربهێنین، واتە دەبێت بە ڕێژەی درۆنەکانی ئۆکراینا و وڵاتانی ڕۆژئاوا مووشەک بەرهەمبهێنین، کە لەم پێشبرکێیە ئابووریەی ئێستادا، بەئەگەری زۆرەوە شكست دەهێنین."
لە درێژەی قسەکانی، کۆنستانتین سیڤۆک ئاماژەی بە دوو شێوازی کۆتاییهاتنی جەنگی ئۆکریانا دا:
"یان بە ئاشتییەکی شەرمئامێزانە کۆتایی پێدێت، کە ڕۆژئاوا بەردەوام جەختی لەسەر دەکاتەوە، یان بە سەرکەوتنی ڕووسیا لە ڕێگەی تێکشکاندنی هێزەکانی ئۆکراینا لەبەشی پێشەوەی جەنگ کۆتایی دێت، بەڵام بەهەر پێوەرێک بێت، ڕووسیا ئامادەی هەڵبژاردەی دووەم نییە."
جەنگی نێوان ئۆکراینا و ڕووسیا سەرەتا لە ساڵی 2014 بە داگیرکردنی نیمچەدوورگەی کرایمییەی ئۆکراینا لەلایەن ڕووسیاوە دەستی پێکرد، تا دواتر لە 2022 ڕووسیا هەوڵیدا کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا بگرێت، بەڵام شکستی هێنا و لەوکاتەوە جەنگەکە بەتەواوی پەرەی سەندووە. دوای تێپەڕبوونی چوار ساڵ بەسەر جەنگەکە، ئێستا رووسیا هەریەک لە هەرێمەکانی زاپۆریژیا، دۆنێتسک، باشووری خێرسۆن و لوهانسکی گرتووە، کە نزیکەی 111 هەزار و 339 کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکی ئۆکراینا دەکات، لەبەرامبەردا ئۆکراینا 71 هەزار و 938 کیلۆمەتر چوارگۆشەی وەرگرتووەتەوە.