کوڕی سەرۆککۆمار چۆن پارە سپی دەکاتەوە
پارەی کارمەندانی کەناڵێک چۆن سپی کرایەوە؟
کورێکی لەتیف رەشیدی سەرۆککۆماری عێڕاق، بە رێگەیەکی جیاواز ملیاران دینار سپی دەکات و هیچ کەسێکیش ناتوانێت رێگری لێ بکات، بۆ خۆ دزینەوەش لە بەرپرسیاریەتی ئەم کارە، گەشتی دەرەوەی وڵاتی کردووە.
لە نوێترین ڕووداو دا لە سلێمانی، دێرین لەتیف رەشید، کە بەڕێوەبەری کەناڵی کوردساتە و کوڕی سەرۆککۆماری عێراقە، هەژماری بانکی کارمەندانی کەناڵەکەی کە مانگانە لەو رێگەیەوە مووچەکانیانی پێ وەردەگرن، بەبێ هیچ ئاگادارییەک بەکاری دەهێنێت و لەو رێگەیەوە، نزیکەی ٧٠٠ ملیار دیناری عێراقی، کە دەکاتە زیاتر لە نیو ملیار دۆلاری ئەمریکی سپی کردووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، هەژماری بانکی زیاتر لە ٣٠٠ کارمەند لە تەواوی بەشەکان بەکارهێنراوە، کە هەژمارەکەیان لەسەر بانکەکانی ئەهلی عێراقی، مسرەف ئەهلی عێراقی و ئێن بی ئای بووە.
بەپێیی زانیارییەکانی رۆژنامەنووس هانا چۆمانی، پرۆسەکە بە چەندین رێکاری جیاواز کراوە و لە سەرەتادا، پارەکە لە بانکی ناوەندی عێراق گواستراوەتە بانکی ڕافیدەین و دواتر بۆ سەر حسابی کارمەندەکان، دواتریش لە رێگەی چەندین بەشی جیا جیاوە پارەکە گواستراوەتەوە بۆ سەرچاوەی کۆتایی، بۆ ئەوەی کارەکەش ئاشکرا نەبێت و بە وردی ئەنجام بدرێت، تەواوی پرۆسەکە بە شەو و لە رۆژانی هەینی و شەممە ئەنجام دراون.
هانا چۆمانی دەڵێت، دێرین لەتیف رەشید بۆ ونکردنی پارەکە و نەمانی لۆکەیشنەکانی گواستنەوەی پارەکە، چەندین جار بەبڕی جیاواز پارەکەی گواستووەتەوە سەر هەژماری جیاواز، تاوەکو تێکەڵییەکی زۆر دروست بێت و پارەکە لە نێوان چەندین لۆکەیشنی جیاواز دیار نەمێنێت.
دوای ئەم سکانداڵەی کوڕەکەی سەرۆککۆماری عێراق، مەترسی ناسنامەی بانکی لەسەر ئەو کارمەندانەی کوردستات هەیە لە پارە چووەتە سەر هەژمارەکانیان، چونکە ناوی تەواویان بە ملیۆنێر و ملیاردێر لە سیستەمی بانکی تۆمار دەکرێت، لە کاتێک بە مووچەیەکی کەم کار دەکەن.
دوای گۆڕینی ناسنامەی بانکی ئەو کارمەندانە لە مووچەخۆری ئاساییەوە بۆ ملیۆنێر و ملیاردێر، ئەو کەسانە لە چەندین سوودی بانکی لە نمونەی پێشینەوەی زەوی و خانوو و ئۆتۆمبێڵ و قەرزی بچووک بێبەش دەبن، ئەمە جیالەوە ڕەنگە لە داهاتوو رووبەڕووی کێشەی گەورە ببنەوە، چونکە لە ئەگەری هەر سکاڵا و پرۆسەیەکی رێگری لە سپی کردنەوەی پارە، تەواوی ئەو مووچەخۆرانەی کوردسات رووبەڕووی کێشە دەبنەوە، چونکە بە تاوانی سپی کردنەوەی پارە تۆمەتبار دەکرێن، ئەوانیش بەهۆی ئەوەی هیچ سکاڵایەکیان تۆمار نەکردووە و رێگرییان لە کارەکە نەکردووە، ناتوانن ئەستۆپاکی خۆیان بسەلمێنن و رووبەڕووی سزا دەبنەوە.