جۆ کێنت: هێورکردنەوەی دۆخەکە پەیوەستە بە ڕێگریکردن لە هێرشەکانی ئیسرائیل
لەلایەک بەڕێوەبەری پێشووی ناوەندی نیشتمانی دژەتیرۆری ئەمریکا ئەگەری ڕێککەوتن ئەمریکا و ئێران بە وەستاندنی هێرشەکانی ئیسرائیل دەبەستێتەوە، لەلایەکی دیکەوە ئیسرائیل پێداگرە لە بەردەوامی هێرشەکانیان.
سەرەڕای گوتەکانی سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی هەبوونی دەرفەتی ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران، ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشکردن و هەڕەشەی تووند دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە 23-3-2026، دوای کەمتر لە کاتژمێرێک لە ڕاگەیەندراوەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ئەگەری ڕێککەتن لەگەڵ ئێران و ڕاگرتنی هێرشەکانیان بۆ سەر وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی وڵاتەکە بۆ ماوەی 5 ڕۆژ، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە ئێستادا خەریکی بۆردوومانکردنی پێگە سەربازییەکانی ئێرانە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی ترەمپ، ڕاگرتنی هێرشەکانیان بۆ سەر کارەبا و ژیرخانی وزەی ئێران بەمەبەستی دانوستانە و چارەسەری یەکلاکەرەوەی کێشەکانی نێوانیانە، بە گوتەی ناوبراو، کارەکان لەگەڵ ئێران "زۆر بە باشی بەڕێوەدەچن"، لەوانەیە لە ماوەی ئەو 5 ڕۆژەشدا یان کەمتر رێککەوتن لەگەڵ ئێران بکەن.
لە وەڵامی قسەکانی ترەمپ سەبارەت بە دانوستاندن لەگەڵ ئێران، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند: "تا ئێستا هیچ دانوستاندنێک لەگەڵ ئەمریکا نەکراوە، هەواڵی ساختە بۆ یاریکردنە بە بازاڕی دارایی و نەوت و دەربازبوونە لەو زەلکاوەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل تێیدا گیریان خواردووە."
لەلایەکی دیکەوە، جۆ کێنت، بەڕێوەبەری پێشووی ناوەندی نیشتمانی دژەتیرۆری ئەمریکا لەسەر دانوستان و هێورکردنەی جەنگەکە ڕایگەیاند، قۆناغی یەکەمی دانوستان دەبێت لە سنووردارکردن و کۆنترۆڵکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستپێبکات، هەموو هەوڵەکان بۆ دانوستان لەم ڕێگەیەوە سەرهەڵدەدەن.
دوای ئەم پێشهاتانە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڤیدیۆیەکی خۆی بڵاوکردەوە و تێیدا گووتی: "هەر جۆرە رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران واژۆ بکرێت، دەبێت بەرژەوەندییە بنەڕەتییەکانی ئیسرائیل بپارێزێت، تا ئەو کاتەش لە هێرشەکانمان بەردەوام دەبین و چەند ڕۆژێک پێش ئێستا دوو زانای دیکەی ئەتۆمی ئێرانمان لەناوبرد."