دابەشکردنی ئاو ڕانەگیراوە
لە هەولێر دابەشکردنی ئاو ئاساییە
دوای هۆشدارییەکەی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر لەبارەی ڕاگرتنی ئاو بەسەر ماڵاندا، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر دڵنیایی بە هاووڵاتییان دەدات.
کەمێک لەومەوبەر ڕابەر حسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، ئەمڕۆ دابەشکردنی ئاو ئاسایی بووە و ڕانەگیراوە، چونکە بارانبارین بەشێوەی نمە بووە.
ڕابەر حسێن ڕوونیکردەوە، لە ڕۆژانی داهاتوو ئەگەر بارانبارین بەشێوەی خوڕ بێت و ڵێڵییەکەی ببێتە کێشە بۆ وێستگەکان ئەوا بەشێوەی کاتی دابەشکردنی ئاو ڕادەگیرێت.
دوێنێ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر هاووڵاتییانی ئاگادار کردەوە، کە دەست بە ئاوەوە بگرن زیادەڕۆیی لە سەرفکردنیدا نەکەن، بۆ ئەوەی لە کاتی ڕاوەستانی وێستگەکاندا تووشی گرفتی کەمئاوی نەبنەوە.