سوودانی گروپە لە یاسا دەرچووەکانی عێراق بە خیانەتکار و ترسنۆک ناو دەبات
ناوەندێکی گرنگی حکومەتی عێراق بە ئامانج گیرا و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە ئیدانەی دەکات
سوودانی بکەرانی هێرشە درۆنییەکەی سەر دەزگای هەواڵگری بە ترسنۆک ناودەبات و ئاماژە بەوە دەدات، هیچ ئایدۆلۆژیایەک ناتوانێت پاساو بۆ ئەم تاوانە بهێنێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە محەمەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان سەردانی بارەگای دەزگای هەواڵگری نیشتمانی لە بەغدا کرد.
محەممەد شیاع سوودانی دووپاتی کردەوە: "ئەوانەی ئەم تاوانە خیانەتکارەیان ئەنجامدا، گروپێکی ترسنۆکن و خوێنی عێراقیان ڕشتووە و دامەزراوەکانی دەوڵەتیان پێشێل کردووە".
فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاماژەی بەوە دا، ئەوانەی خوێنی عێراق بڕێژن، نوێنەرایەتی گەل ناکەن وهیچ ئایدۆلۆژیایەک ناتوانێت پاساو بۆ ئەم تاوانە بهێنێت، تەنانەت ئەگەر ئایدۆلۆژیایەک لە پشت ئەم تاوانەوە هەبێت، بێ گومان ئەوە شێواوە و وێرانکەرە.
سوودانی ڕوونیکردەوە، حکومەت بە بەرپرسیارێتیەوە مامەڵە دەکات، بەڵام لەبەرامبەر تاوانی ڕشتنی خوێنی عێراق و پێشێلکردنی بەرژەوەندی باڵای وڵات بێدەنگ نابێت، پێویستە هێزە سیاسییەکان هەڵوێستێکی ڕوونیان هەبێت سەبارەت بەم هێرشانە کە دەوڵەت و دامودەزگاکانی دەکاتە ئامانج و داهاتووی وڵات دەخاتە مەترسییەوە.
لەکۆتاییدا فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق گووتی: "هەندێک هەن کە مافی بڕیاردانیان لەسەر شەڕ و ئاشتی بەخۆ داوە، بەڵام ئەم بڕیارە تەنها لەدەستی دەوڵەتدایە و تەنها ئەویش بەرژەوەندییەکانی عێراق دیاری دەکات و دەیپارێزێت".
ئەم قسانەی سوودانی لەکاتێکدایە، دوێنێ بەدرۆن هێرشکرایە سەر بارەگای دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی لە بەغدا و لە ئەنجامدا یەکێک لە کارمەندەکان کوژرا.