وەزارەتی پێشمەرگە داوایەک لە سوودانی دەکات
دووبارە هێرشکرایەوە سەر بارەگایەکی هێزەکانی پێشمەرگە
شەوی ڕابردوو بەدرۆنێکی بۆمبڕێژکراوە هێرشکرایە سەر بارەگایەکی هێزەکانی پێشمەرگە و وەزارەتی پێشمەرگە داوا لە سوودانی دەکات، سنوورێک بۆ گروپە لە یاسا دەرچووەکان دابنێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە وەزارەتی پێشمەرگە بڵاویکردەوە، بەتووندی ئیدانی هێرشی تاقمە تیرۆریستییە لەیاسا دەرچووەکانی عێراق بۆ سەر بارەگایەکی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری چەمچەماڵ دەکەن، کە ئامانج لێی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەیە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشە تیرۆریستییانە بۆ سەر بارەگاکانی پێشمەرگە لە کاتێکدایە کە دۆخی ناوچەکە بە گشتی لەبەردەم قۆناغێکی هەستیار و ئاڵۆزدایە.
وەزارەتی پێشمەرگە داوا لە محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەکات، کە سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژییە بێپاساوانە دابنێت کە دەکرێنە سەر بارەگاکانی پێشمەرگە.