لێپرسینەوە لە ژمارەیەک وەزیر و بەرپرسی باڵای عێراق دەکرێت

لێپرسینەوە لە وەزیری نەوتی عێراق و ژمارەیەک بەرپرسی باڵا دەکرێت
سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کردبوو، لێپرسینەوە لە بەرپرسە باڵاکانی مەلەفی نەوتی عێراق دەکرێت، وابڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق لێپرسینەوەکە ئەنجام بدات.
عەلی شەداد، گوتەبێژی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە لێپرسینەوە لە وەزیری نەوت و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای وەزارەتی نەوت ڕایگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی عێراق وەزیری نەوت و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گواستنەوەی نەوت ئامادە دەبن".
ئەوەشی خستەڕوو: "تیشک دەخرێتە سەر داڕمانی ژێرخانی ناو وەزارەتی نەوت، کە هەژموونی لایەنی دەرەکی بەسەریدا زاڵە، لەنێویاندا کەسایەتییەک بەناوی 'ئومێد' هەیە، کۆنترۆڵی جومگە هەستیارەکانی ناو وەزارەتەکەی کردووە."
گوتەبێژی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی سەبارەت بە سەپاندنی سزاکانی ئەمریکادا دووپاتیکردەوە: "عێراق ڕووبەڕووی مەترسی سەپاندنی سزاکانی ئەمەریکا دەبێتەوە بەسەر وەزارەتی نەوت دا، ئەمەش بەهۆی پێشێلکاری و خراپ بەڕێوەبردنە، هۆشداریشیدا لەوەی کە ئەم سزایانەی ئەمەریکا دەبێتە هۆی ئیفلیجی ئابووری و داڕمانی داهاتی دارایی وڵات."
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەشکردەوە: "وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا پێشتر پاکێجێکی سزای بەسەر ئەو کەس و لایەنانەدا سەپاندبوو کە تێوەگلاون لە قاچاخچێتی سووتەمەنی کە بودجەی گرووپە چەکدارەکان پێ دابین دەکرێت".