بیتکۆین نرخێکی مێژوویی تۆمار کرد

بۆ یەکەمجار لە مێژوودا نرخی دراوی بیتکۆین 121 هەزار دۆلاری تێپەڕاند
بەهۆی زیادبوونی خواست لەلایەن دامەزراوە وەبەرهێنەرەکان و ئەو سیاسەتە پاڵپشتیکارانەی ئیدارەی سەرۆکی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ، بۆ دراوە کریپتۆکان گرتوویەتییەبەر، بیتکۆین ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی تۆمارکرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، بۆ یەکەم جار لە مێژوویدا، نرخی دراوی دیجیتاڵیی بیتکۆین 121 هەزار و 96 دۆلاری تێپەڕاند، بەمەش لە یەک هەفتەی رابردوودا نرخی بیتکۆین زیاتر لە 11 هەزار دۆلار بەرزبووەتەوە.
هاوکات لە ئەمڕۆوە تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، "هەفتەی دراوە دیجیتاڵییەکان" دەستپێدەکات کە تێیدا بڕیارە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا چەندین پڕۆژەیاسای گرنگی تایبەت بە کریپتۆ تاوتوێ بکات، لەوانەش:
- پڕۆژەیاسای زیرەکی: تایبەتە بە دراوە دیجیتاڵییە سەقامگیرەکان [ستەیبڵ کۆینەکان] و لە ئەنجوومەنی نوێنەرانە.
- پڕۆژەیاسای روونکردنەوە: ئامانج لێی دیاریکردنی رۆڵی لیژنەی ئاڵوگۆڕی بازاڕە داراییەکانە لە مامەڵەکانی دراوە دیجیتاڵییەکان.
- پڕۆژەیاسای هەڵگرتنی چاودێریی دەوڵەت لەسەر دراوی دیجیتاڵی: مەبەست لێی رێگەگرتنە لە بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە دروستکردنی دراوی دیجیتاڵی.
هۆکاری سەرەکی بەربوونەوەی نرخی دراوی بیتکۆین بۆ ئەو سیاسەتە پاڵپشتیکارانەی ئیدارەی سەرۆکی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ، کە لە مانگی ئازاری ڕابردوودا فەرمانێکی جێبەجێکاری بۆ دامەزراندنی یەدەگێکی ستراتیژیی دراوە کریپتۆکان واژوو کردووە و بەربوونەوەی خواستی دامەزراوە گەورەکان دەگەڕێتەوە، چونکە سندووقەکانی وەبەرهێنانی بیتکۆین لە ئەمریکا رێژەیەکی پێوانەییان لە کڕین تۆمارکردووە و کۆمپانیا گەورەکانی دراوە دیجیتاڵییەکان، وەک (بلاکڕۆک) و (فیدێلیتی) بەردەوامن لە زیادکردنی سامانەکانیان لە دراوە دیجیتاڵییەکان.