پایتەخت

ترەمپ: هێزێکی گەورەی دەریایی بە ئاراستەی ئێران دەڕوات

ترەمپ: هێزێکی گەورەی دەریایی بە ئاراستەی ئێران دەڕوات
کورتە

ئەمریکا و ئێران هەڕەشەی تووند لەیەکتر دەکەن و هێزە دەریاییەکانیان نمایش دەکەن.

دۆناڵد ترەمپ دووبارە هەڕەشەی لە ئێران کرد و ئاماژەی بەوە کرد، هێرشەکەی ئەمجارەیان بۆ سەر ئەو وڵاتە، زۆر لەوەی پێشتر خراپتر دەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری فەرمی خۆی لە پلاتفۆڕمی تروس سۆشیاڵ بڵاویکردەوە، هێزێکی دەریایی "مەزن" بەرەو ئێران دەچێت. هێزەکە بە سەرکردایەتی کەشتی فڕۆکەهەڵگری "ئەبراهام لینکن" هەروەک ڤەنزوێلا  توانای هەیە بە خێرایی ئەرکەکەی جێبەجێ بکات، بە خێرایی و تووندوتیژییەوە، ئەگەر پێویست بێت.

ترەمپ هیوا دەخوازێت ئێران بێتە سەر مێزی گفتوگۆ و ڕێککەوتنێکی یەکسان و دادپەروەرانە بکات، "بەبێ چەکی ئەتۆمی"، ڕێککەوتنێک کە لە بەرژەوەندی هەردوو لا بێت.

سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتایی هۆشدارییەکی تووند دەداتە ئێران و دەڵێت: "وەک چۆن پێشتر بە ئێرانم گوت، رێککەوتن بکەن! ئەوان نەیانکرد و 'ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو' روویدا، کە وێرانکارییەکی گەورەی بۆسەر ئێران بەدواداهات. هێرشی داهاتوو زۆر خراپتر دەبێت! مەهێڵن ئەوە دووبارە رووبداتەوە."

لەلایەکی دیکەوە، کەمێک لەمەوبەر ئێران ڤیدیۆییەکی سەدان کەشتیگەلی سەربازی بڵاوکردەوە و لە کاپشنی ڤیدیۆیەکەدا نووسی: "ئامادەی جەنگین."

28 کانونی دووەم 2026 15:47
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026