سه‌رۆك بارزانی، هه‌موو شتێك بۆ پاراستنی ڕۆژئاڤا ده‌كات
سه‌رۆك بارزانی، به‌ڵێنی له ئیتاڵیا و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی وه‌رگرتووه ڕۆژئاڤا پارێزراو بێت
سه‌رۆك بارزانی داوا ده‌كات، به‌خێرایی كۆتایی به ئاڵۆزییه‌كانی رۆژئاڤای كوردستان بهێندرێت. داوای ده‌ستبه‌جێ پاراستنی مافه‌كانی گه‌لی كورد و هه‌ڵبژاردنی دیالۆگ و ڕێگه‌ی ئاشتییانه ده‌كات.
له درێژه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ ئیتاڵیا، سه‌رۆك بارزانی له‌گه‌ڵ وه‌زیری به‌رگری ئه‌و وڵاته كۆبووه‌وه و ڕایگه‌یاند، یه‌كێك له خاڵه هه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه پرسی ڕۆژئاڤای كوردستان بووه. ته‌واوی هه‌وڵه‌كانمان بۆ ئه‌وه‌یه كه‌ڕامه‌تی گه‌لی كورد پارێزراو بێت. دژی ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی شه‌ڕین له ناوچه‌كه و پێویسته به‌خێرایی كۆتایی پێ بهێندرێت.
سه‌رۆك بارزانی، له باسی ئه‌نجامی هه‌وڵه‌كانی بۆ وه‌ستانی شه‌ڕ ده‌ڵێت: به‌ڵێنم وه‌رگرتووه، نه‌بێته شه‌ڕی كورد و عه‌ره‌ب. كه‌ڕامه‌تی كورد ده‌پارێزن و دۆخه‌كه به لێكتێگه‌یشتن چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن. هه‌ر شتێك به ئێمه بكرێت، تا دوا هه‌ناسه بۆ پاراستنی كه‌ڕامه‌تی كورد ده‌یكه‌ین.
له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوو، سه‌رۆك بارزانی بۆ وه‌ستانی شه‌ڕ به ته‌له‌فۆن قسه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د شه‌رع كردووه، له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای ڕۆژئاڤای كوردستان له په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامدایه و له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش له‌سه‌ر هێڵه.
سه‌رۆك بارزانی، ئێستا له ئیتاڵیایه و به‌ڵێنی وه‌رگرتووه، پشتیوانی كورد بن. كار بۆ چاره‌سه‌ركردنی دۆخی ڕۆژئاڤا بكه‌ن. وه‌زیری به‌رگری ئیتاڵیاش له‌وباره‌یه‌وه گوتی: سه‌رۆك بارزانی ڕێبه‌ری گه‌لی كورده. ئه‌وه‌ی له ڕۆژئاڤا ده‌گوزه‌رێت، مایه‌ی قبووڵ نییه. كورد دۆستی ئێمه‌ن و ده‌بێت مافه‌كانیان پارێزراو بێت.
دوێنێ سه‌رۆك بارزانی له ڤاتیكان، له‌گه‌ڵ قەداسەتی پاپا لیۆی چواردەیەم كۆبووه‌وه. دواتر له‌لایه‌ن پیترۆ پارۆلینی سەرۆکوەزیرانی ڤاتیکان پێشوازی لێكرا. له رۆماش له‌گه‌ڵ ئەنتۆنیۆ تایانی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا كۆبووه‌وه و ئه‌مرۆش له‌لایه‌ن وه‌زیری به‌رگری ئه‌و وڵاته پێشوازی لێكرا. كۆی ناوه‌ڕۆكی گفتوگۆكانی پرسی ڕۆژئاڤای كوردستان و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌یه.