پاسپۆرتی عێراق ته‌نیا له‌پێش سووریا و ئه‌فغانستانه
بەگوێرەی نوێترین ڕاپۆرتی پێوانەی "هێنلی"ـی پاسپۆرت، عێراق تەنیا لەپێش دوو لە خراپترین پاسپۆرتی جیهانە
پێوانەی "هێنلی"ـی پاسپۆرت نوێترین داتای خۆی له‌باره‌ی به‌هێزی و كاریگه‌رترین پاسپۆرتی وڵاتانی جیهان بڵاوكرده‌وه، به‌گوێره‌ی داتاكه، پاسپۆرتی عێراق یه‌كێك له لاوازترین پاسپۆرته‌كانی جیهانه.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، پێوانەی "هێنلی"ـی پاسپۆرت بۆ ساڵی 2026 ڕیزبەندیی نوێی بەهێزترین پاسپۆرتەکانی جیهانی بڵاوکردەوە، کە تێیدا سه‌نگافوور پلەی یەکەمی ڕیزبه‌ندییه‌كه‌ی به‌ده‌ستهێناوه، بە توانای گەشتکردنی بێ ڤیزا بۆ 192 وڵات و شوێن. ژاپۆن و کۆریای باشووریش له پلەی دووەمن، به‌ڵام عێراق لە پلەی 99ـی جیهاندایە و هاووڵاتییانی دەتوانن بێ ڤیزا تەنیا بۆ 29 وڵات گەشت بکەن.
له ڕاپۆرته‌كه‌ی پێوانەی "هێنلی"ـی پاسپۆرت ئاماژه به‌وه دراوه، ئه‌فغانستان خاوه‌ن لاوازترین پاسپۆرته له جیهان و له خواره‌وه‌ی ڕیزبه‌ندییه‌كه‌یه، سووریا له‌پێش ئه‌فغانستان و عێراقیش له‌پێش سووریایه، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به فراوانبوونی شه‌ڕ و ئاڵۆزییه‌كانی عێراق و سووریا و ئه‌فغانستانه‌وه هه‌یه و بۆیه‌ش پاسپۆرته‌كانیان له خواره‌وه‌ی ڕیزبه‌ندییه‌كه‌یه.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، هێزی پاسپۆرت په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وخۆی به ئارامی سیاسی، دۆخی ئابووری و پرسه دیپلۆماسییه‌كانه‌وه هه‌یه، ئه‌مه كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره و بێ وێنه و ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر ژیانی هاووڵاتییان هه‌یه، به‌تایبه‌ت گه‌شتكردن، خوێندن و كار كردن له ده‌ره‌وه‌ی وڵات.