پایتەخت

پلەکانی گەرما دادەبەزن و سەرمایەکی بەهێز دەگات

پلەکانی گەرما دادەبەزن و سەرمایەکی بەهێز دەگات
کورتە

به‌ته‌واوی پله‌كانی گه‌رما نزم ده‌بنه‌وه‌ و هۆشداری له‌ هاتنی شه‌پۆلێكی توندی سه‌رماش ده‌درێت

کەشناسی هەرێمی کوردستان، کەشی پێشبینیکراوی 48 کاتژمێری داهاتووی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوەدەدات، بەشێوەیەکی بەرچاو پلەکانی گەرما دادەبەزن.

 

ئەمڕۆ هەینی کەشناسی کوردستان بڵاویکردەوە، کەشی ئاسمان لە نێوان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت و ئەگەری بارینی کەمێک نمە باران هەیە، بارانەکە لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم وەک پارێزگای هەڵەبجە و هەندێک ناوچەی پارێزگای سلێمانی دەگرێتەوە و لەگەڵ ئەگەری بارینی بەفرێکی کەم لەناوچە شاخاویە سنوورییەکاندا، پاشان لە کاتەکانی شەودا کاریگەری دابارین درێژ دەبێتەوە بۆ سەر ناوچەکانی سنووری پارێزگای دهۆک، پلەکانی گەرما دادەبەزن و سەرماکە بەهێزتر دەبێت و مەودای بینینیش کەم دەبێتەوە.

 

سەبارەت بە سبەی شەممە نووسیویەتی، بە گشتی ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت، نمە باران و بارانی مامناوەند لە زۆربەی ناوچەکان دەبارێت، لە ناوچە سنوورییەکان و ناوچە شاخاوییەکان بە تایبەت ناوچە شاخاوییە بەرزەکان بەفر بارین دەبێت، پێشبینی دەکرێت لە ناوچە نیمچە بەرزەکان تێکەڵی باران و وردە بەفر کڕێوە ببارێت، پلەکانی گەرما بە نزیکی 2 تا 4 پلە نزمتر دەبێت.

 

ئاراس جه‌بار، شاره‌زای كه‌شناسی ڕایگه‌یاند، لە ئەنجامی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوه‌راست و هاتنی بارستە هەوایەکی سارد لەباکوورەوە سبەی شەممە 27/12/2025، ئاسمانی هەرێمی کوردستان بە درێژایی کاتەکان هەور و سارد ده‌بێت و پلەکانی گەرما به‌راورد بە ئەمڕۆ 3 تا 4 پلە نزمدەبنەوە، لەکاتەکانی بەیانییەوە شەپۆلێکی مامناوەند بۆ چڕی باران بارین ناوچەکانی پارێزگای دهۆک دەگرێتەوە و لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکانیش لە سنووری پارێزگاکە لەبەرزی 1000 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەفرێکی چر دەست پێدەکات، لە کاتەکانی نیوەرۆوە بە کاتی جیاواز کاریگەری ئەو شەپۆلە بە لاوازی لەسەر ناوچەکانی پارێزگای کەرکووک و هەولێر و سلێمانی و ئیدارەی راپەرین و سۆران و هەڵەبجە دەست پێدەکات و ئەگەری نمە بارانی پچر پچر و بارینی بەفرێکی کەم لەناوچە شاخاوییە بەرزەکان ده‌بێت.

 

ناوبراو باسی له‌وه‌شكرد، کاریگەری شەپۆلەکە لە درەنگانی شەو بۆ ڕۆژی یەکشەممە 28/12/2025 لەسەر تەواوی ناوچەکانمان چڕتر دەبێتەوە و باران بە رێژەی مامناوەند بەشێوەیەکی بەردەوام دەبارێت لەگەڵ بەردەوامی چالاکی بای باشوور و بارینی بەفرێکی زۆر لە سەرجەم ناوچە شاخاوییە سنووریەکاندا، کاریگەری شەپۆلەکە لە ئێوارەی یەکشەمەوە 28/12/2025 بەگوێرەی کات کۆتایی پێدێت و کەش سەقامگیر دەبێتەوە.

 

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، لە ماوەی کاریگەری ئەم شەپۆلە زۆرترین رێژەی بەفر و بارانبارین لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک و هەولێر و ئیدارەی سۆران و راپەرین ده‌بێت، چاوەروان دەکرێت 60 تا زیاتر لە 100ملم باران ببارێت، لە ناوچە شاخاوییە سنووریەکانیش پێشبینی بارینی بەفرێکی زۆر دەکرێت بەرێژەی 50 تا 70 سم، لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و باکووری گەرمیان ئەگەری بارینی 25 تا 60ملم باران دەبێت و لە ناوچە شاخاوییە سنووریەکانیش ئەگەری 20 تا زیاتر لە 40 سم بەفر ده‌بێت، لە سنووری پارێزگای کەرکووک و سەنتەری پارێزگای هەولێر و ناوچەکانی ناوەراست و باشووری گەرمیان کاریگەری شەپۆلەکە کەمتر دەبێت و ئەگەری بارینی 15 تا 25 ملم باران دەبێت لەگەڵ ئەگەری گۆڕانکاری بەسەر رێژەکاندا.

 

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی

هەولێر : 12 پلەی سیلیزی

سلێمانی : 8 پلەی سیلیزی

دهۆک : 9 پلەی سیلیزی

زاخۆ  : 9  پلەی سیلیزی

کەرکوک : 12 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 7 پلەی سیلیزی

سۆران : 6 پلەی سیلیزی

گەرمیان : 13 پلەی سیلیزی

26-12-2025

 

26 کانونی یەکەم 2025 14:58
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026