سێ کارمەندی نەخۆشخانەی خانەقین ئەشکەنجە دران
ژمارەیەک کارمەندی نەخۆشخانەی گشتی خانەقین ئەشکەنجە دران و قایمقامی قەزای خانەقینیش ڕەتی دەکاتەوە شتی لەم شێوەیە ڕوویدا بێت.
لە نەخۆشخانەی گشتی خانەقین گرژی و ئاڵۆزی دروست بوو و سێ کارمەند ئەشکەنجە دران.
شەوی ڕابردوو کوڕی حازم شەکرچی، یەکێک لە بەرپرس و کەسایەتییەکانی خانەقین، کە بەرپرسیارێتییان هەیە و منداڵی نەبەکامیان هەبووە، بە زۆر ویسوویانە بچنە نێو نەخۆشخانەی خانەقین، بەڵام بەهۆی ئەوەی قەدەغەیە رێگرییان لێکراوە و ئەوانیش پەلاماری کارمەندەکانیان داوە.
بە گووتەی پەرستارێکی نەخۆشخانەکە، کە بۆ میدیاکان قسەی کردووە، لە شەڕ و ئاڵۆزییەکەدا، کچێک و دوو کوڕ ئەشکەنجە دراون، بەڵام چەک بەکارنەهێندراوە.
دوای ئەم ڕووداوە کارمەندانی نەخۆشخانەی گشتیی خانەقین بڕیاریان داوە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دژی رووداوەکانی شەوی رابردوو گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی بەڕێوەدەبن و داوای بەسزاگەیاندنی تۆمەتبارانی رووداوەکە دەکەن.
بەڵام جەواد فەیزوڵڵا، قایمقامی قەزای خانەقین رەتیدەکاتەوە کارمەندەکان ئەشکەنجە درابن و ئاماژەی بەوە کردووە، کە هەڵەتێگەیشتنێک روویدابوو، کوڕی حازم شەکرچی سەری شکێندراوە و ئەشکەنجەی کارمەندان نەدراوە، بابەتەکە هێندە گەورە نییە، شەو لەیەکدی خۆشبوون و ئاشتەواییان راگەیاندووە.