میران بەکر پاڵانی: دوای 20 ساڵ واز لە ڕیزەکانی یەکێتی دەهێنم
میران بەکر پاڵانی لە دوای هێرشکردنە سەری لەلایەن یەکێتییەوە نامەی دەست لەکار کێشانەوەی پێشکەش کرد
میران بەکر پاڵانی لە دوای هێرشکردنە سەری لەلایەن هێزەکانی یەکێتییەوە و بریندارکردنی بە فەرمی دوای 20 ساڵ نامەی دەست لەکار کێشانەوەی خۆی لە ڕیزەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پێشکەش کرد.
لە درەنگانی شەوی هەینی میران بەکر، کادری دیاری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و سکرتێری ڕۆژنامەوانیی وەزیری پێشمەرگە لەلایەن هێزێکی دەمامکداری یەکێتییەوە ڕفێندرا و ئەشکەنجەی جەستەییان دا، ئەم ڕووداوە دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
دەقی نووسراوەکەی میران بەکر پاڵانی، کادری دیاری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و سکرتێری ڕۆژنامەوانیی وەزیری پێشمەرگە:
(نامەی دەست لە کارکێشانەوە)
۲۰ ساڵ تەمەنم بەخشی، بەڵام کەرامەتم نابەخشم !
«لێدان چارەسەر نییە، نیشانەی ترس و شکسته.»
ژیانئاوا ( سەرۆک مام جەلال)
دوای تێپەڕبوونی دوو دەیە (۲۰ ساڵ) لە تەمەن و گەنجێتیم لەناو ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، کە تێیدا بە دڵسۆزی و پاکی ئەرکەکانم ڕاپەڕاندووە، بیست ساڵ لە هەڵکشان و داکشان، لە سارد و گەرمی، لە بەخشینی گەنجێتی و وزەم لەناو ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، ئەمڕۆ ئەم کاروانە کۆتایی پێدەهێنم.
جێهێشتنی ئەم حزبە بۆ من، تەنها جێهێشتنی ڕێکخراوێک نییە، بەڵکو جێهێشتنی بەشێکی گەورەی تەمەن و یادگارییەکانمە. بەڵام کاتێک وەک پاداشتی ئەو هەموو ساڵەی خزمەت و وەفا، لەبری ڕێزگرتن لە ماندووبوونەکانم، لەلایەن هێزێکی دەمامکدارەوە بە شێوازێکی نەشیاو ڕووبەڕووی لێدان و بێڕێزی و ئیهانە بوومەوە.
ئیتر ، کە کار گەیشتە ئەوەی لە ناو حزبێکدا پەنا بۆ "دەمامک" دەبرێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کادیرە دڵسۆزەکان، ئەوا زمانێک بۆ گفتوگۆ و مانەوە نامێنێتەوە. کەرامەتی من و خێزانەکەم لە سەرووی هەموو پلە و پۆست و ئینتیمایەکی سیاسییەوەیە، و ئامادەنیم یەک چرکە لە شوێنێکدا بمێنمەوە، کە شکۆی مرۆڤی تێدا پارێزراو نەبێت.
لێرەشەوە بۆ هەموو لایەکی ڕوون دەکەمەوە:
ـ بڕیاری وازهێنانم بڕیارێکی کۆتایی و بێگەڕانەوەیە.
ـ لە داهاتوودا کار بۆ هیچ پارت و لایەنێکی سیاسی ناکەم.
من تەمەنێکم لەپێناو فکرەیەکدا بەسەر برد، ئێستاش دەمەوێت، وەک مرۆڤێکی سەربەخۆ و دوور لە جەنجاڵی سیاسیی، تەنها ڕێزی خۆم و مێژووەکەم بگرم.
بۆ من، ۲۰ ساڵ خزمەت شانازییە، بەڵام بێدەنگبوون لە ئاست سوکایەتیکردن بەو مێژووە، شکاندنی خودی خۆمە. بۆیە لێرەدا خاڵی کۆتایی دادەنێم و سەربەخۆیی خۆم ڕادەگەیەنم.
لەگەڵ ڕێزدا..
رۆژنامەنووس
(میران بەکر پاڵانی )
٢٢ / ١٢ / ٢٠٢٥
هەولێر