ناوەندی کوردی بۆ توێژینەوەی سەربازی سەرکۆنەی ڕفاندنی میران بەکر دەکات
ناوەندی کوردی بۆ توێژینەوەی سەربازی ڕایانگەیاند، ئەم هێرش و ڕفاندنەی میران بەکر پەڵەیەکی ڕەشە بە نێوچاوانی لایەنی ئەنجام دەر
ناوەندی کوردی بۆ توێژینەوەی سەربازی لەسەر ڕفاندنی میران بەکر هاتە دەنگ و ئەم کارە بە بێدەنگکردنی دەنگە ئازادەکان لە قەلەم دەدەن و بیانووی "هەڵە تێگەیشتن" ڕەت دەکەنەوە.
ئەمڕۆ شەممە ناوەندی کوردی بۆ توێژینەوەی سەربازی (KCMR) بە تووندی سەرکۆنەی ڕفاندنی میران بەکر، سکرتێری ڕۆژنامەوانیی وەزیری پێشمەرگەیان کرد، کە لەلایەن هێزەکانی یەکێتییەوە ئەشکەنجە درا و ڕایانگەیاند، ئەم جۆرە ڕەفتارانە، چ بە ئەنقەست بن یان وەک بانگەشە دەکرێت "بە هەڵە" بووبێتن، پەڵەیەکی ڕەشن بە ناوچاوانی پرۆسەی دیموکراسی و ئازادیی کاری ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان.
لەسەر ڕفاندنی ناوبراو گوایە کە "هەڵە تێگەیشتن بووە"، ناوەندی کوردی بۆ توێژینەوەی سەربازی جەخت دەکەنەوە کە ئەم بیانووە نەک هەر جێگەی قبوڵ نییە بەڵکو نیشانەی تێکچوونی هاوسەنگیی یاسایی و ئەمنییە، هەر بۆیە داوا دەکەن لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوەیەکی ورد و شەفاف ئەنجام بدەن و ئەنجامدەرانی ئەم کارە ڕووبەڕووی یاسا بکەنەوە بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێت لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە پێشێلکاریانە.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەی ناوەندی کوردی بۆ توێژینەوەی سەربازی دا هاتووە، ئەوان وێڕای دەربڕینی هاوسۆزی تەواویان بۆ میران بەکر، ڕایدەگەیەن کە پاراستنی گیانی ڕۆژنامەنووسان ئەرکی لە پێشینەی دەزگا ئەمنییەکانە نەک دروستکردنی ترس، ئەم کارەش بە هەوڵێکی مەترسیدار بۆ بێدەنگکردنی دەنگە ئازادەکان دەبینن.
ئەمە لە کاتێدایە دوێنێ شەو میران بەکر، سکرتێری ڕۆژنامەوانیی وەزیری پێشمەرگە لە هەولێر لەلایەن هێزێکی یەکێتی بۆ ماوەی 6 کاتژمێر ڕفێندرا و ئەشکەنجەدرا، بە گووتی ناوبراو کە بۆ پایتەخت میدیا قسەی کردووە، پەردەی گوێی تەقییوە و ئێسکی دەورووبەری چاوی شکاوە.